غالیب ئەنسار ئۆغڵو: رێگای سیاسەت بۆ پەكەكە دەكرێتەوە

دیاربەكر- KDP.info/ پەرلەمانتاری دیاربەكری ئاكەپە غالیب ئەنسار ئۆغڵو لە بارەی لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی توركیا كە لە دیاربەكر پێشكەشی كردن رایگەیاند كە ئەو لێدوانانە بە مانای دەركردنی لێبوردنی گشتی نین، بەڵكو بە مانای هەمواركردنی رێگای سیاسەت كردن بۆ پەكەكەیە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە زۆربەی میدیاكانی توركیا پێیان وایە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا حكوومەت لێبوردنی گشتی بۆ ئەندامانی پەكەكە دەر دەكات، بەڵام وا نییە چونكە حكوومەت بەرنامەیەكی بەو جۆرەی نییە.
ئەنسار ئۆغڵو گوتی: حكوومەت لە جیاتی ئەوەی لێبوردنی گشتی دەربكات، هەوڵ بۆ هەمواركردنی رێگای سیاسەت كردن بۆ پەكەكە و ئەندامانی پەكەكە دەدات و ئەگەر ئەو هەوڵدانانەی حكوومەت سەركەوتوو بن ئەوا هیچ پێویستییەك بە دەركردنی لێبوردنی گشتی لە توركیا نامێنێت.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە سەرۆك وەزیرانی توركیا زۆر بە باشی دەزانێت كە تاقە رێگای دابەزاندنی پەكەكە لە چیاكان رەخساندنی هەڵی سیاسەت كردنە بۆ پەكەكە، بۆیە حكوومەت هەوڵ بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتە دەدات.




