هێزی تایبەتی توركیا بۆ پارە خەڵكی كوشتووە

ئەنقەرە- KDP.info/ لە چوارچێوەی دۆزی غافل کوژی ( فاعیلی مەجهول)دا پێنج ئەندامی پێشووی هێزی تایبەتی توركیا لە بەردەم دادوەری دادگادا رایانگەیاند كە كاری هێزی تایبەت لە ناوچە كوردییەكانی توركیادا كوشتنی خەڵك بۆ پارە بووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاویكردەوە كە لە چوارچێوەی دۆزی كریاری بكەرنادیاردا رۆژی دووشەممە پێنج ئەندامی پێشووی هێزی تایبەتی توركیا رایانگەیاند كە 14 ساڵ پێش لە ناوچە كوردییەكاندا دەستیان بە كاری كوشتنی خەڵكی مەدەنی كردووە و دواتر جلوبەرگی پەكەكەیان لە بەر ئەو خەڵكە كردووە و رایانگەیاندووە كە كوژراوەكان ئەندامی پەكەكەن و لە شەڕدا كوژراون.
ئەو پێنج ئەندامەی هێزی تایبەت ئاماژەیان بەوە كردووە كە لە ناوچەی بینگۆل باك و كوڕێكمان بە هۆی ئەوەیەكە كە پارەیان پێ نەداین كوشت و دواتر جلوبەرگی پەكەكەمان لەبەر كردن و بە بەرپرسانی خۆمانمان راگەیاند كە هەر دووكیان ئەندامی پەكەكەن و لە شەڕدا كوژراون.
لە وەڵامی پرسیاری دادوەردا ئەو پێنج ئەندامەی هێزی تایبەت رایانگەیاندووە كە كاری ئەوان وەرگرتنی پارە و كوشتنی خەڵكی مەدەنی بووە و ئەگەر داوای پارەیان لە كەسێك كردبایا و پارەی پێ نەدابانا ئەوا بەبێ پرس و جۆ كوشتوویانە و گووتویانە ئەندامی پەكەكەیە.
لە كۆتایی دانیشتنەكەدا دادوەر سزای زیندانی هەتا هەتایی بە سەر ئەو پێنج ئەندامەی هێزی تایبەتدا سەپاند.




