٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسینگەی ھەرێمی رێکخراوی گەشتوگوزاری وڵاتانی عەرەبی لە شاری ھەولێر دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ نادر رۆستایی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە پەراوێزی یەکەم کۆنفرانسی نێودەولەتی گەشتوگوزار لە شاری ھەولێر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان رێکخراوی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی و دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی سازکرا، کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو یاداشتە کردنەوەی نووسینگەی ھەرێمی رێکخراوی گەشتوگوزاری وڵاتانی عەرەبییه‌ لە شاری ھەولێر.

نادر رۆستایی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بەKDP.INFOراگەیاند: لە پەراوێزی یەكەم كۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەشتوگوزار لە شاری هەولێر كە لە 17و 18ی 11ی 2013 كارەكانی سازدا، یەكێك لە میوانانی كۆنفرانس سەرۆكی رێكخراوی گەشتوگوزاری وڵاتانی عەرەب ( دكتۆر بەندەر بن فەهد ال مفید) بوو، بۆ زیاتر هاوكاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەبازاركردنی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان و ئامادەكاری بۆ پایەتەختی گەشتیاری 2014 یاداشتێكی لەیەكتێگەیشتن لە نێوان دەستەی گشتی گەشتوگوزار و رێكخراوی ناوبراو واژۆكرا، یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی یاداشتەكەش بریتی بوو لە كردنەوەی نووسینگەی هەرێمی رێكخراوی گەشتوگوزاری وڵاتانی عەرەبی لە شاری هەولێر.

نادر رۆستایی گوتیشی: نووسینگەكەش دەتوانی كاروباری پەیوەندی گەشتیاری لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریش رای بكات.

رۆستایی رونیشیکرده‌وە، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات كە سەرۆكی رێكخراوی ناوبراو سەرسامی خۆی بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و لایەنی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پیشاندا.

جێگای ئاماژەیە كە رۆژی 17/11 بە یاوەری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق گەشتێكیان بە ناو قەڵای هەولێر و پاركی شار و چایەخانەی مەچكۆ و پاركی شەهید سامی و بازارەكان و سینەماكانی فاملیی مۆل كرد.

 

هەواڵی پەیوەندیدار