٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان کۆتایی هات و هەردوو لاش کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی - تایبەت بە KDP.info/ پاش نیوەڕۆی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ى نۆڤه‌مبه‌رى 2013، نێچیرڤان بارزانی‌ كاندیدی‌ ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی‌  كابینەی هەشتەمی حكوومەتی‌ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شاندی یاوەری گەیشتە گردی‌ زەرگەتەی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌ و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان‌ و وەفدی‌ دانوستانی‌ بزووتنەوەكە كه‌ پێكهاتبوو له‌ نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان، جەلال جەوهەر، محمەد تۆفیق رەحیم، ئارام شێخ محمەد، مستەفای‌ سەید قادر و دكتۆر ئاكۆ محمەد  كۆ بوونەوە.

پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەشدا نێچیرڤان بارزانی و نەوشیروان مستەفا باسیان لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە كرد و بە كۆبوونەوەیەكی ئەرێنیان وەسف كرد.

سەرەتا نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: كۆبونەوەیەكی زۆر ئیجابیمان كرد، لەو كۆبونەوەیەدا ئێمە بیروبۆچوونەكانی خۆمان بۆ چوارساڵی داهاتوو باس كرد ‌و گوێمان لە بیروبۆچوونەكانی بەڕێز كاك نێچیرڤان ‌و وەفدی پارتی گرت ‌و ڕێككەوتین لەسەر ئەوەی كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش هەیە كە دەتوانین بیكەین بە سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی پەیوەندیی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا.

هەروەها گوتی: ئومێدمان وایە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو بتوانین نەخشەڕێگایەكی باش دابنێین كە میللەتەكەمان سوودی لێ وەرگرێت.

پاشان نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم گوتی: ئێمە كۆبوونەوەیەكی زۆر باشمان ئەنجام دا كە هەردولا باسی بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی خۆمان كرد، كە دەبێ‌ بە چ شێوەیەك بێ‌، تا ڕاددەیەكی زۆر بیروبۆچوونەكانمان لە یەكەوە نزیك بوون.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمە بڕیارمان داوە دوای ئەم كۆبونەوانە لیژنە پێك دەهێنین، بۆ ئەوەی بچێتە ناو وردەكاریی ئەو كۆبوونەوانەی كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەدا باسمان كردووە.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 21ی ئەیلوولی ڕابردوو بەڕێوە چوو پارتی دیموكراتی كوردستان بە 38 كورسی بووە براوەی یەكەم و بزووتنەوەی گۆڕانیش به‌ پله‌ى دووه‌م هات و بووە خاوەنی 24 كورسی.

 

ئه‌مه‌ش ده‌قی كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌‌كه‌یه‌:

 

نێچیرڤان بارزانی: هەوڵ دەدەین لە خاڵە هاوبەشەكانی بەرنامە جیاجیاكانی هەموو لایەنەكان بەرنامەیەكی هاوبەش دروست بكەین.

نەوشیروان مستەفا: هیچ خاڵێكی ناكۆك لە نێوانماندا نەبووە و زۆرترین ئەو شتانەی باس كراوە خاڵی هاوبەش بوون.

 

هیچ خاڵێكی ناكۆك نەبووە.

لە سەرەتادا نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: ئەوەی ئەمڕۆكە ئێمە باسمان كرد پێم وایە هیچ خاڵێكی ناكۆك لە نێوانماندا نەبووە و زۆرترین ئەو شتانەی باس كراوە؛ خاڵی هاوبەش بوونە كە دەتوانین لەسەری ڕێكبكەوین.

دوای ڕاسپاردنمان ماوەی مانگێكمان لە بەردەستدایە.

پاشان نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم گوتی: ئێمە تێڕوانینی خۆمان بۆ چوار ساڵی ئایندەی حكوومەت باس كرد. ئەو هەنگاوانەی ئێستا ئێمە دەستمان پێكردووە؛ هیوادارین بە زووترین كات بتوانین حكوومەت پێك بهێنین، تا دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێ؛ وتوێژی خۆمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان دەكەین، دوای ئەوەى پەرلەمان ڕاماندەسپێرێ، یەك مانگ ماوەمان هەیە كە بە فه‌رمى سه‌رۆك وه‌زیران ڕاده‌سپێردرێ بۆ پێكهێنانی كابینە.

لایەنی گەشبینی زیاترە.

نەوشیروان مستەفا گوتی: ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، ئێمە زۆر بە لامانەوە گرنگە ڕێكبكەوین لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ حكوومەتی داهاتوو، لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە، ئەمە یەكەم كۆبوونەوەیە و لە یەكەم كۆبوونەوەشدا پێمان وایە لایەنی گەشبینی زۆر زیاترە لە لایەنەكانی تر.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: منیش هەمان بۆچوونم هەیە لەسەر ئەو پرسیارە.

 چارەسەری كێشەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی.

هەر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواندا لە سەر پرسی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی گوتی: بەڵێ باس كراوە، ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا بۆچوون و تێڕوانینی برادەرانی گۆڕانمان بە تەواوی بیست، ئێمە باسی ئەوەمان كردووە كە هەوڵ بدەین ئەوە بە شێوەیەكی یاسایی چارەسەر بكەین، لە دوای ئەوەی گوێبستی بۆچوونی برادەران بووین؛ ئێمە زیاتر لە سەری ڕابوەستین؛ هەوڵ بدەین چارەسەرێك بدۆزینەوە جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەك بێت.

نەوشیروان مستەفا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: ئەوەندەی بە ئارەزوو و ویستی ئێمە بێت؛ پێمان خۆشە چوار ساڵی داهاتوو؛ چوار ساڵی سەقامگیریی ئارامیی سیاسی و ئارامیی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی بێت بۆ میللەتەكەمان.

تێڕوانینمان بۆ چوار ساڵی ئایندە باس كرد.

لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمە ئەو پره‌نسیپانه‌ى لەگەڵ كاك نەوشیروان باسمان كرد، لەسەریان ڕێكین، ئەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێمە زیاتر باس لە خاڵ و پره‌نسیپه‌كانى هاوبەش كراوه‌، تێڕوانینمان چییە بۆ چوار ساڵی ئایندە، كە گوێبیستی برادەرانی گۆڕان و كاك نەوشیروان بووین؛ هەست دەكەین شتەكان بە شێوەیەكی ئه‌رێنى دەستی پێكردووە و ئەمە كۆبوونەوەی یەكەمه‌ و كۆبونەوەی دیكەشی بە دواوە دەبێ و دەچینە ناو وردەكاری تا دەگەینە ئەنجامێك.

نەوشیروان مستەفا گوتى: ئەمە سەرەتای گفتوگۆكانە و شتەكان بە كراوەیی ماوەنه‌تەوە بۆ گفتوگۆكانى داهاتوو.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمە لەگەڵ لایەنەكان كۆ دەبینەوە و دەبێ لەسەر بەرنامەیەك ڕێكبكەوین كە ئەو بەرنامەیە ڕێنیشاندەرە بە چ شێوەیەك حكوومەتی ئایندە پێك بهێنین. ئێمە باسمان كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی هەڵبژاردنی هەبووە، هەروەها یەكێتی و حزبەكانی دیكەش بەرنامەی جیاجیایان هەبووە، هەوڵ دەدەین ئەو به‌و بەرنامە جیاجیایانە و خاڵە هاوبەشەكان لە نێوان هەموو لایەنەكاندا، بەرنامەیەكی هاوبەشی لەسەر دروست بكەین.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار