کۆمەڵی ئیسلامی: بەیانی نێچیرڤان بارزانی سەردانمان دەکات و ھیچ رێککەوتنێکیش لە لایەن ھەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن نییە بۆ بەشداری لە حکوومەت

ھەولێر- تایبەت بە KDP.info/ وتەبێژی کۆمەلی ئیسلامی کوردستان ئاشکرایکرد،بڕیارە سبەی نێچیرڤان بارزانی لە شاری ھەولێر سەردانی کۆمەلی ئیسلامی بکات،لە بارەی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، ھیچ رێککەوتنێک نییە بۆ ئەوەی ھەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەیەکەوە بەشداری لە حکوومەت بکەن.
محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەلی ئیسلامی کوردستان بە kdp.infoراگەیاند: بڕیارە سبەی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی کۆمەلی ئیسلامی لە شاری ھەولێر بکات، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
محەمەد حەکیم گوتیشی: ئەوان ھیچ پێشمەرجێکیان نییە بۆ گفتوگۆکردن لە گەڵ شاندی پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە گەڵ ئەوەدان کابینەی نوێ لە ھەر پێنج لایەنە سەرەکییەکە پێکبێت و دواتر لایەنەکانی دیکەش بەشداریان پێبکرێت.
حەکیم رونیشیکردەوە، ئێمە ھەرسێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن ھەریەکەمان شاندی دانوستانکاری خۆی ھەیە، بەڵام دوای چوار ساڵ کارکردن بەیەکەوە کۆمەڵێک بنەما ھەیە لە سەری رێککەوتووین، کە دیدوتێڕوانینی ھاوبەش لە نێوانمان ھەیە، لەمەڕ ئەوەی حکوومەتی داھاتوو چۆن بێت، بەڵام ھیچ رێککەوتنێک نییە ئۆپۆزسیۆن بەیەکەوە بەشداری لە حکوومەتی داھاتوو بکەن.




