سەرچاوەیەک: سبەی نێچیرڤان بارزانی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی دەکات

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی ئاشکرایکرد،کە بڕیارە سبەی نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە بارەی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی بکات.
ئەبوبەکر ھەڵدەنی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی بە kdp.infoراگەیاند: بڕیارە سبەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە شاری ھەولێر بەمەبەشتی گفتوگۆکردن لە بارەی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی بکات.
ئەبوبەکر ھەڵدەنی گوتیشی: ئێمە لە گەڵ ئەوەداین حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتێکی بنکە فراوان بێت و سەرجەم لایەنەکان تێیدا بەشداربن.
ھەڵدەنی رونیشیکردەوە، پێویستە حکوومەتی داھاتوو حکوومەتێکی ھاوبەشی راستەقینە بێت و لایەنەکان بەشدارییەکی فعلی بکەن و بەشداریکردنی رەمزی کۆتایی پێھاتووە و ئەم جۆرە بەشداریکردنە لە رابردوو تاقیکراوەتەوە، بۆیە ئێمە وەکو یەکگرتوو ئەوەندەی مەبەستمانە بەشدار بین لە حکوومڕانی، ھێندە مەبەستمان نییە بەشدار بین لە حکوومەت و پێویستە بەشدارییەکەش بەپێی قورسای و قەبارەی خۆمان بێت.




