كۆبوونهوهی پارتی دیموكراتی كوردستان و یهكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات، ههردوولا رێككهوتوون 30 نیسانی 2014 ههڵبژاردنی پارێزگاكان بكرێت

سلێمانی- تایبهت به KDP.info/ پێشنیوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 18ى نۆڤهمبهرى 2013، نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەستپێكردن بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان؛ بە یاوەریی شاندێكی باڵای پارتی سەردانی سلێمانی كرد.
شاندی یاوەری پێكهاتبوو لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی، د. رۆژ نووری شاوێس، ئازاد بەرواری، مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی.
یەكەم گفتوگۆی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە گەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە سلێمانی دەستی پێكرد. شاندی یەكێتی پێكهاتبوو لە كۆسرەت ڕەسوول و د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و حاكم قادر، عیماد ئەحمەد، مەلا بەختیار، د. نەجمەدین كەریم و عومەر فەتاح ئەندامانی مەكتەبی سیاسی.
دوای كۆبوونەوەكە نێچیرڤان بارزانی و د. بەرهەم ساڵح كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیان ساز كرد و ڕایانگەیاند كە پابەندی ڕێككەوتنی ستراتیژین و هیچ لایەكیش لە پێكهێنانی كابینەی نوێ پەراوێز ناخرێت.
لەم كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا كە دوای نیوەڕۆ بەسترا، د. بەرهەم ساڵح گوتی: خۆشحاڵین كە پێشوازیمان لە كاك نێچیرڤان بارزانى و وەفدی یاوەری كرد، كۆبوونەوەیەكی ڕاشكاوانەمان كرد و بە وردی باسمان لە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت كرد. ئێمە ڕامانگەیاند كە دەمانەوێت وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشدار بین لە حكوومەتی ئاییندە و هاوكار بین تا لەم قۆناغەی داهاتوودا پێكەوە بەرنامەی بەرگریكردن لە هەرێمەكەمان و سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی هاتوونەتە پێش بۆ گەلی كورد لە ناوچەكە هاوكار و هەماهەنگ بین، پێكەوە هاوكار بین بۆ بەدیهێنانی ئەو چاكسازییانەی كە چاوەڕوانی خەڵكی كوردستانە، هاوكار بین بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتوو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان. پاشان نێچیرڤان بارزانی بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: پارتی پابەندە بە ڕێككەوتنی ستراتیژی و دەستپێكردنی كۆبوونەوەش بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ یەكێتی لە ڕووی دیموكراسییەوە پەیوەستە بە لێكنزیكیی بەرنامەی لایەنەكان و هیچ لایەكیش پەراوێز ناخرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێدا.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی 30 نیسانی 2014 بكرێتە وادەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 21ی ئەیلوولی ڕابردوو بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی (38) كورسی و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان 18 كورسییە.
ئهمهش دهقی كۆنگره ڕۆژنامهنووسییه هاوبهشهكهیه:
نێچیرڤان بارزانی: لە 30ی نیسانی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوە دەچێ.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح: لە سایەی هاوپەیمانێتیی ستراتیژیی نێوانمان كۆمەڵێك دەستكەوتی گەورەمان بۆ گەلەكەمان بەدەست هێناوە.
لە دەستپێكدا بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: خۆشحاڵین ئەمڕۆ لێرە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پێشوازیمان كرد لە برای بەڕێز و خۆشەویستمان كاك نێچیرڤان بارزانی و شانده یاوەرەكەی. ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی دۆستانەدا ڕاشكاوانە بە وردی باسمان لە هەلومەرجی ئێستای كوردستان و پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستانمان كرد.
كاك نێچیرڤان بارزانی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێشنیاز كراوە بۆ پێكهێنانی كابینهى حكوومهتى ئایندە، لەم كۆبوونەوەیەدا ئێمە بە كاك نێچیرڤانمان ڕاگەیاند كە دەمانەوێ وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشدار بین لە حكوومەتی ئایندەی هەرێم، هاوكار بین بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا پێكەوە بەرنامەی بەرگریكردن لە هەرێمەكەمان و سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی بۆ گەلی كورد لە كوردستانی عێراق و بگرە ناوچەكە هاتۆتە پێشەوە، هاوكار و هەماهەنگ بین، پێكەوە هاوكار بین بۆ بەدیهێنانی ئەو چاكسازیانەی كە چاوەڕوانی خەڵكی كوردستانە، پێكەوە هاوكار بین بۆ دروستكردنی حكوومەتێكی بە ڕاستی یەكگرتوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا.
ئێمە وەكوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتمان كردەوە كە هەردوو لامان پاپەند بین بە هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوانمان كە ئەو هاوپەیمانییە بووە هۆكاری دەربازبوون لە قۆناغێكی ناخۆش و ئاڵۆزی هەرێمی كوردستان، قۆناغی شەڕی ناوخۆ و ناكۆكییەكانی ناوخۆمان. لە سایەی ئەو هاوپەیمانێتی و هاوكارییەدا كۆمەڵێك دەستكەوتی گەورەمان بۆ گەلەكەمان بە دەست هێناوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەردوولامان ئەو ڕاستییە دەزانین كە گۆڕانكاریی سیاسی هاتۆتە كایەوە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا دەبێ ڕەچاوی ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانە بكەین، هاوپەیمانیی ئێمە بۆ بەهێزكردنی پێگەی حكومڕانیی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان بێ، بە هیوای ئەوەین لایەنە سیاسییە كاریگەریەكانی دیكەی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان هاوكار بن لەگەڵ كاك نێچیرڤان وەكوو ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئایندە بۆ ئەوەی حكوومەتی ئایندە تەعبیر لە یەكریزی و یەكئیرادەیی گەلەكەمان بكات و بتوانین لەم قۆناغە نوێیەی میللەتەكەماندا ئەو ئەركانەی ڕووبەڕووی كاك نێچیرڤان و كابینەكەی دەبێتەوە بەدی بهێنین بۆ قازانجی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی: جهختمان لهوه كردەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ لایەنەكانی دیكە قسە بكەین بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بتوانین حكوومەتێك دروست بكەین لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت.
دواتر نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراو لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازیكردنهی كاك بەرهەم و كاك كۆسرەت و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەمڕۆ لە سلێمانی، هیچ زیادەیەكم نییە لەسەر قسەكانی كاك بەرهەم، بهدڵنیاییهوه ئێمە پێمان وایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكوو هێزێكی كاریگەر لە گۆڕەپانی كوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا پێكەوە كارمان كردووە و خەباتمان كردووە، هەروەها كۆمەڵێك دەستكەوتی گەورەشمان بەدەست هێناوە بۆ میللەتەكەمان. كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوانمان زۆر ڕوون و ڕاشكاوانە بوو، دوور بوو لە هەر جۆرە موجامەلەیەك، بە وردی باسی قۆناغی نوێی دوای هەڵبژاردنمان كردووە لە هەرێمی كوردستان و پابەندبوونی خۆمان لەسەر ئەو خاڵانەی كاك بەرهەم باسی كرد؛ لەسەرووى هەموویانەوە ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژییەی كە ئێمە هەمان بووە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانیش پابەندە بەو ڕێككەوتنە ستراتیژیەی هەیەتی. خۆشحاڵ بووین كە گوێبەستی ئەوە بووین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری خۆیان داوە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی 8ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها هەردوولامان كۆك بووین لەسەر ئەوەی بە ڕەچاوكردنی ئەو هەڵبژاردنەی كراوە؛ دەرگای هەردوولامان كراوە بێت و تەئكیدمان كردەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ لایەنەكانی دیكە قسە بكەین بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بتوانین حكوومەتێك دروست بكەین لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت.
مەسەلەی هاوپەیمانێتی؛ مەسەلەی كورسی نییە.
نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانیشدا گوتی: ئێمە پێمان وایە مەسەلەی هاوپەیمانێتی مەسەلەی كورسی نییە، هاوپەیمانێتی كۆمەڵێك بەرژەوەندی و كاركردنی هاوبەشی بە یەكەوەیه، ئێمە هەڵبژاردنێكمان كردووە؛ هەندێك لایەن دەنگی زیاتر و كورسیی زیاتریان بە دەست هێناوە و هەندێكیش كەمتر، بەڵام لە هەموو دنیا وایە حكوومەت مادەمەكی دیموكراتیەتە و هەڵبژاردنە؛ كە هەڵبژاردن كۆتایی پێ دێ؛ لەسەر هەندێك پێوەر ڕێككەوتن دەكرێ لەگەڵ ئەو لایەنەی دەیەوێ حكوومەت پێك بهێنێ، ئێمە لەسەر ئەو پێوەرانە و ئەو باگراوەندەی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمانە؛ پێمان وابووە دەبێ لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەست بە گفتوگۆ بكەین، ئەمەش مانای وا نییە لایەنەكانی تر پشتگوێ دەخەیەن، نەخێر مانای وا نییە، بەڵام خۆ دەبێ لە شوێنێك دەست پێبكەین. وەك گوتم ئێمە كە دەستمان پێ كردووە هاوپەیمان بووین، مەسەلەش هەڵبژاردن نییە، لە دنیاشدا لە هەر هەڵبژاردنێكی دیموكراسیدا؛ ئەو حزبەی دەیباتەوە لەگەڵ لایەنێك حكوومەت پێك دەهێنێ كە پێی وایە لە ڕووی بەرنامە و كاركردندا هاوبەشە، ئەو لایەنەی كە تا ئێستە پێكەوە ئەو كارەمان كردووە لەگەڵ یەكتری؛ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ یەكێتی دەستمان پێكردووە و لەگەڵ لایەنەكانی دیكە گفتوگۆ دەكەین.
لە 30ی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوە دەچێ.
لەبارەی پرسی گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی و دەستنیشانكردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: لە مەسەلەی پارێزگای سلێمانیشدا؛ ئێمە ئێستا لەگەڵ هیچ گۆڕانكارییەكدا نین، لەگەڵ ئەوەداین وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆش بە ڕاوێژ لەگەڵ برایانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان؛ بڕیاری ئەوەمان داوە كە وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری بكرێ. ئەو وادەی ئەمڕۆ ڕێككەوتنمان لەسەر كردووە 30ی نیسانی ساڵی 2013ـیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستاندا.
باس لە پێوەرە بنەڕەتییەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ئایندە كراوە.
لای خۆیەوە بەرهەم ئەحمەد ساڵح گوتی: لەسەر پرسیاری پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، ئێمە بە شێوەیەكی گشتی باسمان لە پێوەرە بنەڕەتییەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ئایندە كردووە و نەچوینەتە ناو وردەكارییەكانەوە، هەڵبەتە یەكێتی چاوی لە كۆمەڵێك پێگەیە لە حكوومەتی ئایندە و دەمانەوێ بەشدارێكی ڕاستەقینە و كارا و كاریگەر بین و ئەمانەش دەمینێتەوە دوای وتوێژی كاك نێچیرڤان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە و پاشان لەگەڵ یەكتر دادەنیشین و قسەیان لەسەر دەكەین.
گرەنتی؛ كاركردنی پێكەوەیە.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: هیچ گرنتییەك نییە، ناتوانین گرنتیی بدەین و گرەنتی؛ كاركردنی پێكەوەیە و ناچینە ناو ئەو باسانە و پێویستیمان بەو گرەنتییە نییە، لەبارەی دۆسیهى نەوت بەڵێ مافی خۆیانە و دەتوانن پرسیار بكەن و بەشدار بن و دەشتوانن ئاگایان لە هەموو ئەو دۆسیایانه بن، بێگومان لە چوارچێوەی ئوسوڵ و شێوازی حكومڕانی لە كوردستاندا، ئێمە وەزارەت و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانمان هەیە و دەتوانن لەو چوار چێوەیەدا ئاگاداری ئەو دۆسیایانه بن.
لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش دادەنیشین.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەجیندای كۆبونەوەشیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە چ شێوەیەك دەبێ، نێچیرڤان بارزانی ڕاسپێردراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی 8ی حكوومەتی هەرێم گوتی: هەر بەم شێوەیە دەبێ و ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دادەنیشین و دەمانەوێ گوێبیستی گۆڕانیش ببین بۆ ئەوەی بزانین بیروبۆچوونی ئەوانیش چییە لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی ئایندە، بەڵام وەك كاك دكتۆر بەرهەم باسی كرد؛ بەندە ڕاسپێردراوم لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، تا ئێستە ئەمە سفیەتێكی ڕەسمی و دەستووری نییە، ئەمە ڕاوێژە لە نێوان پارتی وەك حزب لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی دیكە، پاشان بە فەرمی دوای ئەوە دەست پێدەكات.
دەرگا كراوەیە و سیاسەتی پەراوێزخستن لە ئارا دانییە.
لە كۆتایشدا دكتۆر بەرهەم گوتیشی: كاك نێچیرڤان قسەیەكی تەئكید كردەوە كە دەرگا كراوەیە و سیاسەتی پەراوێزخستن لە ئارا دانییە و ئەم قۆناغەی بێتەوە قۆناغێكە كە پێویستمان بەوەیە هاوكار بین بۆ ئەوەی یەك حكوومەت لەو كوردستانە هەبێت كە بەرنامەكانی جێبەجێ بكات بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك.
http://www.kurdistantv.net/Default.aspx?page=article&id=116197&l=1




