هۆلاند: دەرفەت بە ئێران نادەین چەكی ئەتۆمی دروست بكات

ئیسرائیل – KDP.info/ لە چوارچێوەی دیدارێكی نێوان فرانسوا هۆلاند سەرۆكی فەرەنسا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و تاوتوێكرا و هەردوولا دۆسیەكەیان بە مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی جیهان وەسفكرد.
دوای دیدارەكەش فرانسوا هۆلاند سەرۆكی فەرەنسا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند كە فەرەنسا؛ ئیسرائیلی دڵنیا كردۆتەوە كە هەرگیز رێگە بە ئێران نادات بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات.
سەرۆكی فەرەنسا راشیگەیاند كە ئەوەی بەشار ئەسەدی ناچاركرد چەكە كیمیاییەكانی رادەست بكات؛ فشارە نێودەوڵەتییەكان بوو.
هۆلاند لەو باوەرەدایە كە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاسایشی ناوچەكە و جیهانیش دەخاتە ژێر مەترسییەوە.
هەروەها هاوكارییەكانی فەرەنسا بۆ ئیسرائیل دووپاتكردەوەو رایگەیاند كە ولاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكارییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و پەیوەندییەكانیشی پتەوتر دەكات.




