دەوڵەت باخچەلی: ئەردۆغان قۆڵی بۆ پارچە كردنی توركیا هەڵ ماڵیوە

ئەنقەرە- KDP.ifno/سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستی توركیا ( مەهەپە) دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند كە سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا قۆڵی بۆ پارچە كردنی توركیا هەڵ ماڵیوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رۆتاخەبەر بڵاویكردەوە كە سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستی توركیا ( مەهەپە) دەوڵەت باخچەلی بە ئۆرگانیزە كردنی سەردانی بارزانی بۆ دیاربەكر و سەردانی خۆی بۆ دیاربەكر خیانەتێكی گەورەی لە كۆماری توركیا كردووە و نرخە نەتەوەییەكانی توركیای وەلاوە ناوە،
دەوڵەت باخچەلی ئاماژەی بەوە كردووە كە هێزە جیهانییەكان سەرقاڵی داڕیشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێن و سەرۆك وەزیرانی توركیایش هەر جۆرە هاوكارییەكیان پێشكەش دەكات و بۆ پارچە كردنی توركیا لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا قۆڵی هەڵ ماڵیوە.
باخچەلی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی بۆ دیاربەكر بە دووبارە كردنەوەی رووداوەكەی خابوور لە قەڵەم داوە و گوتوویەتی: هاتنی بارزانی لە دەروازەی خابوورەوە بۆ توركیا هاتنەوەی ئەندامانی پەكەكە لەو دەروازەیەوە بۆ توركیا بە بیری ئێمە دەخاتەوە و ئەمەیش عەیبێكی گەورەیە بۆ دەوڵەتی توركیا.




