فەلاح مستەفا لە وەزارەتی دەرەوەی هەنگاریا لەگەڵ جێگری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری نێودەوڵەتی كۆبوونەوە

هەنگاریا - KDP.info / فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە یاوەری بەرێز تیبۆر ساتماری باڵیوزی هەنگاریا لە عیراق لەگەڵ بەڕێز پیتەر وینتەرمانتێل جێگری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هەنگاریا كۆبووەوە.
لە دیدارەكەدا باس لە دوا سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا بۆ هەنگاریا و وەك هەنگاوێك بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولاو بڕیاری حكومەتی هەنگاریا بۆ كردنەوەی كونسوڵگەری وڵاتەكەیان لە هەولێر كە بێگومان دەبێتە مایەی بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەكان لەسەرجەم بوارەكان.
فەلاح مستەفا جەختی لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیەكان لەگەڵ وڵاتی هەنگاریا كردەوەو گووتی زۆر بوار هەیە دەتوانین بە هەماهەنگی كاری لەسەر یكەین و وڵاتی هەنگاریاش دەتوانێ سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت كە ئێستا بۆ وەبەرهێنەران رەخساوە.
بەڕێز پیتەر وینتەرمانتێل پیرزۆبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە گەلی كوردستان كرد و سەرسامی خۆی دەربڕی كەوا ژمارەیەكی بەرچاو لە ئافرەتانی كورد لە پەرلەمانی كوردستان بەشدارن. سەبارەت بە كۆمەك و هاوكاری بۆ ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم بەڕێزیان گووتی بەپێی توانای لە ڕێگەی رێكخراوەكانی هەنگاریا هاوكاری پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریا دەكەین وێڕای ئەو هاوكاریانەی كە لە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دابینیان كردووە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسەكانی نێوان هەولێرو بەغدا و پرۆسەی سیاسی عیراق و هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق و پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كرا.




