پارێزگاری هەولێر پرۆژەكانی شەقام و رێگەوبانی سنووری قەزای دەشتی هەولێر بە گوژمەی حەوت ملیارو پێنج سەد ملیۆن دینار بەسەردەكاتەوە

ههولێر-KDP.info/ بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەرێوەچوونی كارو پرۆژەكانی دەوروبەری شار نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بەیاوەریی تاهیر عەبدولا جێگری پارێزگارو ئیسماعیل محەمەد بەرێوەبەری گشتی شارەوانییەكان و سەردار عومەر بەرێوەبەری ئاودێری هەولێر سەردانی هەردو شارۆچكەی كەسنەزان و بنەسڵاوەی كرد لە سنووری قەزای دەشتی هەولێر .
لەو سەردانەدا چەند پرۆژەیەكی شەقامی سەرەكی و ناوخۆیی كەسنەزانی بەسەركردەوە لە گەرەكەكانی 11 ی ئازاری كۆن و نوێ و ناوبازار كە بە گوژمەی یەك ملیارو دووسەد ملیۆن دینار لە واری جێبەجێكردندانە و بریاری چارەسەركردنی بەپەلەی ئەو كێشەو ئاریشانەشی دا كە رووبەرووی ئەو پرۆژانە دەبنەوە .
پاشان پرۆژەكانی جووتسایدی 30 مەتری و ئاوەرۆكانی سندوقی ناوبازاری بنەسلاوە بە گوژمەی پێنج ملیارو سێ سەد ملیۆن دینارو، جووتساید و ئاوەرۆكانی گەرەكی گولانی بە گوژمەی نزیكەی یەك ملیار دینار بەسەركردەوەو لە نزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەرێوەچوونی كارەكان و ئاستی جێبەجێكردنیان بوو، جەختیشی لە پابەندبوونی تەواو بە رێنماییە ئەندازەیی و كارگێرییەكان و تەواو بوونی پرۆژەكان لەوادەی خۆیاندا كردەوە .
هەروەها جەختیشی لە تەواوكردنی خێرای كارەكانی ئیستیملاككردنی ئەو نەوەد خانووە كردەوە كە دەكەونە بەر ئاراستەی رینگی شەقامی 150 مەتری تازە كە بریارە لەسالی 2014 كاری بۆ بكرێت وەكو تازەترین رینگی شەقامە گرنگەكانی پایتەخت بۆ فریاكەوتنی ئەو بەرفراوانییە زۆرەی كە هەولێری پایتەخت بەخۆیەوەی دەبینێت .




