پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
دوای ڕووداوەكانی سووریا پێمان وابوو دەرفەتێكی زۆر باش بۆ گەلی كورد لە ڕۆژئاوا هاتووەتە ئارا بۆ ئەوەی پاش دەیان ساڵ نكۆلیكاری و بێبەشبوون لە مافی هاووڵاتیبوون كۆتایی بە نەهامەتییەكان بێت و مافی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستاندا مسۆگەر بكرێت. لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوا و ڕۆڵی هەرێم زۆر لێدوانی جیاجیا و ناڕاست دراوە و، هەندێ لایەنیش كەوتنە بازرگانیكردن بەم بابەتەوە و لە مەسەلەی داخستنی سنوور دەستیان پێكرد. ئەوە لە حاڵێكدا بوو كە سنوور هیچ كات بۆ هاوكاری و كاروباری مرۆڤی دانەخرابوو و داشناخرێت. ڕاستە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر سیاسەت و ڕەفتاری پەیەدە هەیە بەڵام پێمانخۆشە بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی كوردی، چونكە تاكڕۆیی نە سوودی بۆ ئەوان هەیە نە بۆ گەلی كورد. بۆ ئەوەی ڕاستییەكان دیار بن و جەماوەری كوردستان لێی ئاگادار بن بە پێویستمان زانی ڕاستییەكان بكەونە بەر دەستی خەڵكی كوردستان. مەبەستی منیش پەرۆشییە بۆ ئاییندەی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ دۆخەكەی ئێستای ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی لەمە خەراپتر نەبێت.
| ڕاستە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر سیاسەت و ڕەفتاری پەیەدە هەیە بەڵام پێمانخۆشە بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی كوردی، چونكە تاكڕۆیی نە سوودی بۆ ئەوان هەیە نە بۆ گەلی كورد |
هەر لە سەرەتا زۆر هەوڵماندا گشت توانا سیاسی و دیپلۆماسییەكانی هەرێم بۆ یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا بەكار بهێنین و سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت كە بۆ گەلی كورد ڕەخساوە. لە 28ـی 11ـی 2011 بە شەخسی بەشداری یەكەمین كۆبوونەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا بووم و پێم گوتن ئێوە برای ئێمەن و ئامادەین هاوكاریتان بكەین بە مەرجێك ئێوە پێكەوە بن و هەر بڕیارێك بیدەن پشتگیریتان لێدەكەین چ بەرانبەر بە ڕژێم چ بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆن.
گەلی كورد لە ململانێی نێوان ڕژێم و ئۆپۆزیسیۆندا بێلایەن بوو و تەنیا دەبوایە هەوڵی وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی خۆی دابا. نە ڕژێم و نە ئۆپۆزیسیۆن وەڵامێكی ئیجابیان دەربارەی مافەكانی كورد نەبوو. بۆیە پێویست بوو هەموو لایەنە كوردییەكان یەكبگرن و ببنە خاوەنی گوتارێكی سیاسی یەكگرتوو. ئەوە بوو لە 11ـی 7ـی 2012 دەستەی باڵا بە پێی ڕێككەوتننامەی هەولێر دامەزرا بۆ ئەوەی گەلی كورد وتارێكی سیاسیی هاوبەشی هەبێت بۆ ئێستا و دواڕۆژی سووریا. جێگەی داخە لایەنی پەیەدە سەرباری سوودوەرگرتنی لە ڕێككەوتنی هەولێر ئامادە نەبوو پابەندی بێت و هەموو لایەنەكانی بەلاوە نا و هەوڵیدا بەزۆری چەك و بە ڕێككەوتنی نهێنی لەگەڵ ڕژێم خۆی بكاتە ئەمری واقعی سەربازی. باسی ئەوەش دەكەن كە شۆڕشیان لە ڕۆژئاوا بەرپا كردووە بەڵام كام شۆڕش و لە دژی كێ؟ ئەوان تەنیا ناوچەكانیان لە لایەن ڕژێمەوە ڕادەست كراوە.
| ئەم كارەی پەیەدە ئەگەر دەستكەوتێكی نەتەوەیی لێ كەوتبایەوە چاوپۆشی لێ دەكرا بەڵام ئەوەی ڕوویداوە تەنیا بریتییە لە پاوانكردنی ڕۆژئاوا لە لایەن پەیەدە ئەوەیش بەسوودوەرگرتن لە ڕێككەوتنی هەولێر و یارمەتیی ڕژێم |
لە ڕاستیدا ئەم كارەی پەیەدە ئەگەر دەستكەوتێكی نەتەوەیی لێ كەوتبایەوە چاوپۆشی لێ دەكرا بەڵام ئەوەی ڕوویداوە تەنیا بریتییە لە پاوانكردنی ڕۆژئاوا لە لایەن پەیەدە ئەوەیش بەسوودوەرگرتن لە ڕێككەوتنی هەولێر و یارمەتیی ڕژێم كە یاریكردنێكی مەترسیدارە بە چارەنووسی گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا. پەیەدە هەر بە پاوانكردن نەوەستا بەڵكو كەوتە كوشتن و گرتنی ئەندامانی حزبەكانی تر.
من بەرانبەر بە ئاییندەی ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانم و ئەو ترسە لە ئارادایە كە ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەست كورد بچێت. چونكە ڕژێم هیچ دانی نەناوە بە مافی كورد لەبەرانبەر ئەو هاوكارییەی پەیەدە پێشكەشی ڕژێمی كردووە و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش، كورد بە بەشێك لە ڕژێم هەژمار دەكات و ئەوەشیان كێشەی جددی بۆ گەلەكەمان لە داهاتوودا دروست دەكات. هەر لەسەرەتای ڕووداوەكانی سووریا بڕیار ئەوە بوو كورد خۆی تووشی شەڕ نەكات و ئەگەر هێرش هاتە سەر كورد بەرگری لەخۆیان بكەن. بەڵام پەیەدە گەلەكەمانی تووشی شەڕێك كرد كە نە شەڕی كورد بوو و نە لە قازانجی كورد بوو. ئەو شەڕە بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیانهەزار هاووڵاتیی كوردی ڕۆژئاوا. ئەوان دژی كۆدەنگیی نەتەوەیی وەستانەوە و تەنانەت ئاڵای كوردستانیشیان لە ڕۆژئاوا قەدەغە كرد.لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیەدە تاكلایەنانە ئیدارەی خۆی لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە و ئەوەش تاكڕۆیەكی ئاشكرا و پەراوێزخستن و بەلاوەنانی حزبە كوردییەكانی دیكەیە. ئێمە داكۆكی لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەكەینەوە و تەنیا پشتگیریی ئەم هەنگاوانە دەكەین كە هەموو لایەنەكان پێكەوە بڕیاریان لەسەردا بێت و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری تاكلایەندا ناكەین.
| ئێمە داكۆكی لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەكەینەوە و تەنیا پشتگیریی ئەم هەنگاوانە دەكەین كە هەموو لایەنەكان پێكەوە بڕیاریان لەسەردا بێت و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری تاكلایەندا ناكەین |
هیوادارم گۆڕانكارییەكان لە ئاییندەدا لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بن و ئامۆژگارییشم بۆ هەموو لایەنە كوردییەكان و پەیەدەش ئەوەیە كە لە بەرژەوەندیی گەلەكەمانە بەیەكەوە بن و بگەڕێنەوە بۆ بنەماكانی ڕێككەوتنی هەولێر. بە دڵنیاییەوە ئەمەیان باشترین ڕێگەیە و لەهەموو بارودۆخێكدا پێگەی كورد لە سووریا بەهێزتر دەكات و ئێمەش بەهەموو توانایەك پشتگیرییان دەكەین. هەموو لایەنەكان بۆ ئێمە وەك یەكن و خوشك و برای ئێمەن. دەمانەوێت بە مافی خۆیان بگەن و خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیان بن. ئەگەر پەیەدە تووشی لەخۆباییبوون بێت و بەردەوام بێت لە پشتكردن لە خوشك و براكانی ئەوە بە تەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدیات و مەترسییەكان ببێتەوە و چارەنووسی كوردیش دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی جددییەوە. ئەگەر هەموو لایەنەكان نەگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنامەی هەولێرئەو كاتە دەستەی باڵایش هیچ مانایەكی نامێنێ و پەیەدە خۆی بەرپرسیار دەبێت لە لەدەستدانی دەرفەتی مێژوویی.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 11ـی 2013




