سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له ئه‌میری عه‌شایه‌ری د‌ڵێم و شاندێكی یاوه‌ری ده‌كات

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه 12/7/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له شێخ عه‌لی حاته‌م ئه‌لسلێمان ئه‌میری عه‌شایه‌ری د‌ڵێم و شاندێكی یاوه‌ری كه پێكهاتبوو له ژماره‌یه‌ك له شێخه‌كانی عه‌شایه‌ری د‌ڵێم.
له دیدارێكدا كه به‌رێزان ئازاد به‌رواری و حه‌مه‌ده‌مین ده‌له‌وی ئاماده‌ی بوون ، بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا سه‌باره‌ت به ره‌وشی سیاسی ئه‌مرۆی عیراق و ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ی كه دووچاری بۆته‌وه و ته‌ئكیدیش له‌وه‌كرایه‌وه كه پێویسته چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ ئه‌و ته‌نگژه‌یه بدۆزرێته‌وه و راده‌یه‌كیش دابنرێ بو سیاسه‌تی په‌راوێزخستن و تاكڕه‌وی له به‌رێوه‌بردنی وڵات‌دا ، به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوور و پره‌نسیپی شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگی و پابه‌ندبوون به رێككه‌وتنه‌كان.




