ئۆپۆزسیۆن بەمەرجی وازھێنانی ئەسەد لەدەسەڵات بەشداری لەکۆنگرەی جنێف دوو دەکات

رۆژئاوای کوردستان-تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا ئاشکرایکرد، ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد بەفەرمی وەک ئەندام لەئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا قبولکراوهو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئیئتیلافە بەمەرجی وازھێنانی بەشار ئەسەد لەدەسەڵات بەشداری لە کۆنگرەی جنێف دوو دەکات.
د.کاوە ئازیزی ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا بەKDP.infoراگەیاند: ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا بەفەرمی وەک ئەندام لە ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا قبوڵکراوهو لەمەودا لەھەموو کۆبوونەوەکان بەشداری دهکەن.
د.کاوە ئازیزی گوتیشی: ئێمەش وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشداری لەکۆنگرەی جنێف دوو دەکەین، بەڵام ئۆپۆزسیۆن مەرجی ھەیە بۆ بەشداریکردن لەو کۆنگرەیە ئەویش وازھێنانی بەشارئەسەدە لە دەسەڵات .
ئازیزی رونیشیکردهوە، سازدانی کۆنگرەی جنێف دوو بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، بەڵام چاوەروان دەکرێت لەم ساڵدا سازبکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەستەمە ئەسەد واز لەدەسەڵات بھێنێت، چونکە وەزیری راگەیاندنی حکومەتی سوریا رایگەیاندوە، ئەگەر مەرجی ئۆپۆزسیۆن دەستبەرداری ئێمە بێت لەدەسەڵات پێویست ناکات پلیتی فرۆکە ببرین و خۆمان ماندو بکەین، لەبەرئەوەی بەھیچ شێوەیەک ئامادەنین دەست بەرداری دەسەڵات بین، بۆیە ئەستەمە ئەم مەرجەی ئێمە قبول بکرێت.
لە ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پۆستی جێگری سەرۆک و سێ ئەندام مەکتەب سیاسی و11ئەندام بەکورد دراوە.




