٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست: هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ وایە

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژنامە و میدیا جیهانییەکان لە ورووژاندنی بابەتی بەدەوڵەتبوونی كورد و سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان لە ناوچەکەدا بەردەوامن. لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمەریكا واشنتۆن پۆست، لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە دەنووسێت "هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و لە زۆر ڕووەوە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری ڕەفتار دەکات".
لە راپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا کە لەلایەن پیتەر ڤان هوێلڤن‌ ـەوە نووسراوە، هاتووە "لە کاتێکدا زۆربەی بەشەکانی عێراق تووشی قەیرانێکی توند هاتوون و بەردوام توندوتیژییان تێدا ئەنجام دەدرێت، هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی ماوەتەوە، هەروەها بە یارمەتیی تورکیا هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە خەونێک بگات، کە هەر لە کۆنەوە هەیبووە و ئەو خەونەش خەونی سەربەخۆییە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە دراوە كە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ خەڵک دابین کردووە، هەروەها ئەو هەرێمە خاوەن هێزی تایبەت بە خۆیەتی و لەسەر زۆربەی دەزگا حکوومییەکانی ئەو هەرێمەدا، لە جیاتی ئاڵای عێراق، ئاڵای کوردستان دەبینرێت.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئێستا زۆربەی گەنجانی هەرێمی کوردستان زمانی عەرەبی نازانن، ئەوان تەنیا بە کوردی دەدوێن. دەربارەی بودجە و پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداش، واشنتۆن پۆست نووسیویەتی، هەرچەند ئێستا هەرێمی کوردستان تا رادەیەکی زۆر بە بەغداوە بەستراوەتەوە، بە هۆی ئەوەی کە بەشی زۆری بودجەی لە بەغداوە بۆ دێت، بەڵام ڕەنگە ئەمە بەم زووانە کۆتایی پێبێت، چونکە هەرێم دەبێتە خاوەنی بۆرییە نەوتی تایبەت بە خۆی.
جێی ئاماژەیە، بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە ڕووی ئابوورییەوە دەبێتە هۆی سەربەخۆیی هەرێم، ئێستا کارەکانی تەواو بووە و، بەم زووانە دەست دەکات بە هەناردەکردنی یەکێک لە باشترین جۆرەکانی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.
پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست پێک دێنێت و، لەو بارەیەوە دەڵێت "بە چاوپۆشی لەو ناکۆکیانەی کە لە ڕابروودا لە نێوانیاندا هەبوو، ئێستا ڕێکكەوتنیان لە بواری ئابووری و وزەوە هەیە و، بە هۆی پەیوەندیی نێوان هەردوولاشەوە، هەرێمی کوردستان لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ دەبێت، چونکە دەبێتە خاوەنی هەموو داهاتی نەوتی هەناردەکراو و، بەم زووانەش بۆریی نەوتی هەرێم لەگەڵ تورکیا دەکەوێتە کار"‌‌.
واشنتۆن پۆست ڕەوشی ئەمنیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەروارد دەکات و دەنووسێت "لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، واتە هەر لە ساڵی ٢٠١٣دا، لە عێراق زیاتر لە ٥٥٠٠ کەس بە هۆی توندوتیژییەکانەوە کوژراون، بەڵام هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی و ئاسایش و سەقامگیری ماوەتەوە".
هەروەها دەشنووسێت، هەرچەند بەردەوام ئەمەریکا و عێراق جەخت لە یەکپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە دەکەنەوە، بەڵام ترسی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان نیگەرانی کردوون و، دەترسن بەشەکانی دیکەی عێراقیش چاو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە بە نیازی جیابوونەوە نین، ئەگەرچی بەردەوام خۆبەڕێوەبەرییان بەهێزتر دەکەن.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی کوردەوە دەڵێت، خەونی سەربەخۆیی کوردستان لە دڵی هەموو کوردێکدایە، بە پێویستیشی دەزانێت کە کورد لەو بابەتەوە ستراتیژی هەبێت.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دكتۆر ئاشتی هەورامی، گوتوویەتی "ئەرکی سەر شانمانە وەک عێراقییەک، هەوڵ بۆ دروستکردنی هێڵی نەوت و گاز بدەین، بۆ بیمە و دڵنیایی لەبارەی داهاتووی خۆمانەوە".
لە بەشی کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تورکیا لە ڕابروودا لەگەڵ ئەوە نەبوو کە کورد تەنانەت هەرێمێکیشی هەبێت، بەڵام لەوە دەچێ ئێستا ببێتە کلیلی بەدیهێنەری خەونی سەربەخۆیی کورد

هەواڵی پەیوەندیدار