لە توركیا پرسی عەلەوی و سوننە نییە بەڵكو پرسی سیستەم هەیە

دیاربهکر- KDP.info/ بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی محەرەمعەلەوییەكانی توركیا دەستیان بە سازدانی كۆڕ و كۆبوونەوەی جەماوەری كرد و رۆژی یەكشەممە لە شاری دیاربەكر گردبوونەوەیەكی جەماوەری كە لە لایەن رێكخراوی جیهانی ئەهلی بەیتەوە ساز كرابوو، بەڕێوەچوو و تێیدا چەندین گۆتار پێشكەش كران.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاویكردەوە كە لە گردبوونەوەیەكی جەماوەری كە لە لایەن رێكخراوی ئەهلی بەیتی جیهانییەوە ساز كرابوو سەرۆكی ئەو رێكخراوە فەرمانی ئاڵتون گۆتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە لە توركیا هیچ جۆرە كێشەیەك بە ناوی كێشەی عەلەوی و سوننە بوونی نییە و ئەوەی هەیە تەنیا كێشەی سیستەمی دەسەڵاتدارە.
لەو گردبوونەوە جەماوەرییەدا كە نوێنەری ژمارەیەكی زۆری پارت و لایەنە سیاسییەكانی ناوچەكەیش تێیادا ئامادەبوون سەرۆكی رێكخراوی جیهانی ئەهلی بەیت رایگەیاند كە ئەوان وەك عەلەوییەكانی توركیا هیچ جۆرە كێشەیەكیان لەگەڵ هاونیشتمانە سوننەكاندا نییە، بەڵام چەند كەس و گروپێكی نێو سیستەمی دەسەڵاتدار بۆ پاراستنی بەرەژوەندییەكانی خۆیان هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە كە وا نیشانی رای گشتی بدەن كە لە نێوان عەلەوی و سوننەكاندا كێشە هەیە.
فەرمانی ئاڵتون لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە عەلەوییەكانی توركیا بەشێكن لە پێكهاتەی كۆمەڵگەی توركیا و هیچ جۆرە كێشەیەكیان لەگەڵ سوننەكانی ئەو وڵاتەدا نییە.




