ژمارەیەكی دیكەی فڕۆكەی رووسی گەیشتنە عێراق

بەغدا – KDP.info/ سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە لیژنەیەكی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە كە ژمارەیەكی دیكەی فڕۆكەی رووسی نوێ گەیشتنە بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە و ئەم فڕۆكانەش بریتین لە جۆری ME35.
لەلایەن خۆیەوە عەباس بەیاتی ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ رایگەیاند كە 4 فڕۆكەی رووسی لە جۆری ME35گەیشتونەتە خاكی عێراق . هەرەها راشیگەیاند كە لەگەڵ فڕۆكەكان مووشەكی زەمینی ئاسمانیش بۆ بەرگریكردن لە ئاسمانی عێراق گەیشتوونەتەوە هێزەكانی عێراقی.
هەروەها عەباس بەیاتی راشیگەیاند كە بڕیارە ژمارەیەكی دیكەی چەك و تەقەمەنی رووسی بەم نزیكانە بگەنە عێراق .
لەبەرامبەر ئەوەشدا شوان محەمەد تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی بە رۆژنامەی ئەلحەیاتی راگەیاند كە كڕینی ئەم جۆرە فڕۆكانە خزمەت بە رەوشی ئەمنیی عێراق ناكات و بە توندی رەخنەشی لەو هەنگاوە حكوومەتی عێراقی گرت.




