مەسعوود و خەسرە و کوردپوور، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهابادەوە سزایان بۆ برایەوە

مهاباد –KDP.info / مەسعوود و خەسرە و کوردپوور، پاش تێپەڕبوونی 8مانگ لە دەستبەسەرکرانیان، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهابادەوە بە نۆ ساڵ و نیو زیندان و دوورخستنەوە لە کوردستان مەحکووم کران. خەسرەو خەسرەوی، یەکێک لە پارێزەرانی برایانی کوردپوور، بە موکریان نیوزی راگەیاند: کە مەسعوود و خەسرە و کوردپوور کە هەر دوو کیان رۆژنامەنووسی کوردن، بە تۆمەتی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و پڕۆپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی سزا دران. ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەروو: کە خەسرەو کوردپوور بە ٦ ساڵ بەندکردن سزای بۆ بڕاوەتەوە و جگە لەمەش دادگا بڕیاری دوورخستنەوەی ٢ ساڵەی ناوبراو بۆ شاری کرمان ی هەڵکەوتوو لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانی داوە. بە گوێرەی حوکمەکەش ناوبراو بۆ گرتووخانەی تەورێز دەگوازرێتەوە. مەسعوود کوردپوور، برای رۆژنامەنووسی ئاماژەپێکراویش بە هەمان تۆمەت ، حوکمی ٣ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپاوە. "عوسمان موزەیەن، یەکێکی تر لە پارێزەرانی ئەو دوو رۆژنامەنووسە رەخنەی لە حوکمی دادگا گرتووە و رایگەیاند: لە دانیشتنی دادگاییکردنی برایانی کوردپووردا، هیچ ئاماژەیەک بە بوونی بەڵگەی نهێنی نەکراوە کەچی ئێستا هەمان دادگا، بە گوێرەی بەڵگەگەلێکی نهێنی ، بێ ئەوەی بە خۆی گیراوەکان یا پارێزەرانیان نیشان درابێ، بڕیاری داوە.




