٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی باپیر: ئەی رەقیب گونجاو نیە ببێتە سروودێکی نەتەوەیی، چ جای نیشتمانی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر– /KDP.info  ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت ئەی رەقیب گونجاو نیە ببێتە سروودێکی نەتەوەیی، چ جای نیشتمانی. عەلی باپیر لە نووسینێکدا لە پەیجی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاشکرایکرد شیعری ئەی رەقیب شیعرێکی نەتەوەییە نەک سروودی نیشتمانی، بۆیە دەبێ سروودێکی نیشتمانیمان هەبێت کە گوزارشت لە کۆمەڵگەی کوردی بکا. لەسەرەتای نووسینەکەیدا کە ناونیشانەکەی (ئایا دەگونجێ شیعری ئەی رەقیب سروودی نیشتمانی بێ)یە، دەڵێ : کورد مافی خۆیەتی خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆی بێ و مافی چارەنووسی خۆی بە بڕیاری ئازادانەی خۆی دیاریی بکات، ھەروەھا خاوەنی مافی چارەنووسی خۆبوونیش بۆ نەتەوەکان سەلمێنراوە، عەلی باپیر لەمەڕ دیارترین کێشەکانی سروودەکەوە دەنووسێ: شیعرەکە بە نەفەسی سروودی نەتەوەییەوە نەنوسراوە چ جای نیشتمانی!، شیعرەکە زیاتر حاڵەتی کاردانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و دواندنی ئاراستەی دوژمن و ناحەزانی کورد کراوە، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێ : شیعرەکە بەھیچ شێوەیەک تەعبیر لە واقیعی ئێستای خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد ناکات و باسکردنی خوێن و شەڕ و جەنگ بەو زەقییە لە سروودی نیشتمانی گونجاو نییە، ناکرێت خاک و وڵات بکرێتە ئاین و بەرنامەی ژیان، شیعرەکە ھێشتا لە پەرلەمانی کوردستان یاسای پێدەرنەچووە، لە باکووری کوردستانیش بەشێوەیەکی دیکەیە. سەبارەت بە ھەڵنەسانەوەی بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی کۆمەڵ لەسەروبەندی وتنەوەی سروودی ئەی رەقیب لە ھۆڵی پەرلەمان عەلی باپیر دەڵێ : کەس مافی گلەیی کردنی لە ئێمە نەبووە و نییە لەکاتی ھەڵنەسانەوە سەرپێ، چونکە ئێمە ناتوانیین رێز لە شیعرێک بگرین کە بێڕێزیی تێدایە بەرانبەر بە ئاین و عەقیدەی نەتەوەکەمان و سەرجەم ئوممەتی ئیسلامیش.

 

هەواڵی پەیوەندیدار