كوردانی رۆژئاوا لە دژی دابەزاندنی ئاڵای كوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی

حەسەكێ- KDP.info/ دوای ئەوەی ئەندام و لایەنگران یەپەگە و پەیەدە لە شاری حەسەكێ ناوی مەیدانی عەبدولرەحمان ئالۆجییان گۆڕی و ئاڵای كوردستانیان لەو مەیدانە لابرد و ئاڵای پەیەدە و یەپەگەیان دانا، خەڵكی شارەكە دەستی بە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی پەیەدە و یەپەگە كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی جڤات بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی ئەندام و لایەنگرانی پەیەدە و یەپەگە لە شاری حەسەكێ ناوی مەیدانی عەبدولرەحمان ئالۆجییان گۆڕیوە و كردوویانە مەیدانی شەهید سەرحەد و دواتر ئاڵای كورستانیان لەو مەیدانە لابردووە و ئاڵای پەیەدە و یەپەگەیان لە شوێنی داناوە.
دوای ئەو كریارەی پەیەدە و یەپەگە خەڵكی شارەكە دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی كردووە.
دانیشتوانی حەسەكێ لە گردبوونەوەیەكدا رایانگەیاندووە كە ئەو سیاسەت و كریارانەی یەپەگە و پەیەدە خزمەتی یەكێتی نێو ماڵی كورد ناكات و لا بردنی ئاڵای كوردستان لەو مەیدانە بێ رێزی كردن بە نرخی نەتەوەییە بۆیە قەبووڵی ناكەن.




