توسییاد: لێدوانەكانی ئەردۆغان ئاڵۆزییەكان بەهێزتر دەكەن

ئیستەنبۆل-KDP.info/ دوای لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی توركیا لە بارەی جیا كردنەوەی بەشە ناوخۆییەكانی كوڕ و كچە قوتابییەكان لە توركیا و بەرز بوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا، رۆژی هەینی یەكێتی پێشەساز و خاوەنكارانی توركیایش ناڕەزایەتی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی.
لەمبارەیەوە كەناڵی ئین تیڤی بڵاویكردەوە كە سەرۆكی دەستەی سەرۆكایەتی توسییاد موحەرەم یڵماز رایگەیاند كە جیاكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكانی كوڕ و كچە قوتابییەكان لە توركیا هەنگاوێكی ناشیاو و ناسەردەمییانەیە و دەبێتە هۆكاری بەهێزتر كردنی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی نێو كۆمەڵگەی توركیا.
موحەرەم یەڵماز هەروەها رایگەیاندووە كە ئەوان وەكو توسییاد پێیان وایە كە لێدوان و بڕیارەكانی سەرۆكوەزیرانی توركیا لە بارەی جیا كردنەوەی ئەو بەشە ناوخۆییانەدا دەبنە هۆكاری زۆرتر كردنی جیاوازی لە نێو چینەكانی كۆمەڵگەی توركیادا بۆیە ئێمە لە دژی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەن.




