نەوت و گازی كوردستان بە شێوەیەكی سەربەخۆ دەگاتە توركیا و بازاڕەكانی ئەوروپا

حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا چەند ڕێككەوتننامەیەكیان واژۆ كردووە و بە گوێرەیشە چەند بۆرییە نەوت و گازێك بە بڕی ملیارەها دۆلار لەنێوان هەرێم و توركیادا دادەنرێن
و لەو ڕێگایشەوە نەوت و گازی كوردستان دەگەیێنرێتە بازاڕەكانی دەرەوە.
كاریگەرییهکانی لەسەر تەواوی ناوچەكە
پێشبینی دەكرێت هەولێر تا چهند ساڵی تر ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە بكات و ساڵانەیش بڕی دە ملیار مەتری چوارگۆشە گاز بنێرێتە دەرەوە بۆ توركیا.
دەكرێت ئەم ڕێككەوتننامەیەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیایش كاریگەری و دەرئەنجامی گەورەی لەسەر جیۆپۆڵەتیكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت.
تا چهند ساڵ لهمهوبهر ئەنقەرە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ بەغدادا هەبوو و کهس پێشبینی ئەوەی نەدەكرد ڕۆژێك دابێت پەیوەندییەكی لەم جۆرە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیادا دروست ببێت.
توركیا لە بواری ئابورییەوە وڵاتێكی پێشكەوتووە کهواته پێویستی بە وزەیهکی زۆر هەیە. ئەمەش وای كردووە بەرپرسانی ئەنقەرە نەتوانن ئهو ههموو نەوت و گازهی ههرێمی کوردستان لە بەرچاو نەگرن.
كۆبوونەوەكەی (نێچیرڤان بارزانی) و (ئەردۆغان)
چەند ڕۆژ لهمهوبهر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەستەنبوڵ و لەگەڵ بەرپرسه گهورهکانی ئەو وڵاتەدا كۆ بووەوە.
بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕێك كەوتن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، لەوانەش داڕشتنی وردەكاریی تەكنیكی بۆ دانانی بۆرییهنهوتێکی تر بۆ و بۆرییەكیش بۆ گوستنهوهی گاز لە هەرێمی كوردستانهوه بۆ توركیادا. سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆبوونەوە و ئاگاداری ڕێككەوتننامەكە ڕایگەیاند "ئەمە ڕێككەوتننامەیەكی فەرمی و مێژوییە.
بۆ ماوەی چەندین ساڵ توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا مامەڵەی نەدەكرد، بەڵام ئێستا قۆناغێكی نوێ دەستی پێ كردووە. بێگومان ئەمەیش هەنگاوێكی بوێرانە و پێویست بوو".
پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا بووەتە هۆی تووڕەبوونی بەرپرسانی حكوومەتی ناوەندی. بەغدا دەڵێت ئەم پەیوەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتەوە سەربەخۆ ببێت و دەكرێت ئەو هەنگاوەیش دابهشبوونی عێراق و سەربەخۆیی كوردستان بە دوای خۆیدا بهێنێت.
بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لە سەر سیاسەتهکهی خۆی له بواری نەوتدا و دەڵێت ئەم هەنگاوە سوودی بۆ هەموو عێراق هەیە. بە گوێرەی دەستووری عێراق دەبێت حكوومەتی ناوەندی بڕی 17%ی بوودجەی ساڵانەی ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات. حكوومەتی هەرێمیش بە باشی توانیویەتی کوردستانی پێ ببووژێنێتهوه و بەرەو پێشهوهی ببات.
بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاد دەبێت
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بواری وزە ڕێككەوتننامەی واژۆ كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی نەوتی، لەوانەش كۆمپانیاكانی "ئیكسن مۆبیل" و "شڤرۆن" و "تۆتاڵ". "كۆمپانیای وزەی توركیا" سەر بە حكوومەتی توركیایش لەگەڵ كۆمپانیای "ئیكسن مۆبیل" ڕێككەوتننامەی واژۆ كردووە و لە وەبەرهێنانی بواری وزەی هەرێمدا ڕۆڵ دەگێڕێت.
یەكەمین بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا خەریكە تەواو دەبێت. سەرچاوەیەكی ئاگاداریش لە پرۆژەكە ڕایگەیاند لە مانگی دیسێمبەری ئەمساڵەوە هەرێمی كوردستان لە ڕێی ئەم بۆریەوە نەوت ڕەوانەی دەرەوە دەكات. دەكرێت لە ڕێی ئەم بۆریەوە ڕۆژانە بڕی 700 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم ڕەوانەی دەرەوە بكرێت. بەڵام بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە زیادبوونی بەردەوامدایە. ئەمساڵ نەوت لە چەند كێڵگەیەك دەردەهێنرێت و ساڵی داهاتووش ئیش و كاری چەند كێڵگەنەوتێكی دیكە تەواو دەبێت. هەربۆیەش بۆرییەكی دیكە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم پێویستە. سەرچاوەكەی نزیك لە ڕێككەوتنەكەش ڕایگەیاند "بۆری دووەم بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ ئەو نەوتە دەبێت كە لە كێڵگە نەوتیەكانی باكوور بەرهەم دەهێنرێت. كواڵیتی نەوتی "تەق تەق" و "تەوقی" زۆر بەرزە و تێكەڵكردنی ئەم دوو جۆرە نەوتە لە نرخی هەردووكیان كەم دەكاتەوە".
سەرچاوەیەكی حكوومەتی توركیایش ئاشكرای كرد كۆمپانیای "بۆتاس" سەر بە حكوومەت ڕۆڵێكی سەرەكی لە دانانی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا دەگێڕێت.
كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی توركیایش دەیەوێت لەم پرۆژەیەدا بەشداری بكات.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستاش وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (ئاشتی هەورامی) ڕایگەیاند دەكرێت لە ڕێی ئەم بۆریە نەوتەوە ڕۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بكرێت.
ناوبراو ئەوەشی ڕوونكردەوە كە نەوتی نێردراوە دەرەوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەپێورێت و داوایشی لە تەواوی لایەنەكان ــ لەوانەیش بەغدا ــ كرد بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە چاودێر بنێرن.
سەرچاوەیەكی نزیك لە پلانەكەش ڕایگەیاند داهاتی ئەم نەوتە دەدرێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. (ئاشتی هەورامی)ش بەردەوام ڕایگەیاندووە كە هەولێر 83%ی ئەو داهاتە ڕەوانەی بەغدا دەكات.
ڕێككەوتننامەی بواری گاز
توركیا زۆر پێویستی بە گازی سروشتیش هەیە. ئەنقەرە گازی سروشتی لە ڕووسیا و ئازەربایجان و ئێران و گازی سروشتی شلەوەبووش لە جەزائیر دەكڕێت، بەڵام بەرپرسانی ئەنقەرە سەرچاوەی دیكەی وزەیان دەوێت.
هەر كاتێك ئیشی تایبەت بەو بۆریە تەواو بوو، ئیدی توركیا دەتوانێت ساڵانە بەلایەنی كەمەوە بڕی دە ملیار مەتری چوارگۆشە لە گازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان بكرێت. لەگەڵ تێپەربوونی كاتیشدا ئەم بڕە زیاتر دەبێت.
سەرچاوەكەی حكوومەتی توركیا ڕایگەیاند، توركیا پێویستی بە گازی سروشتی هەیە و هەرێمی كوردستانیش لە ماوەی كەمی داهاتوودا بۆری تایبەت بە گواستنەوەی ئەو گازە دادەنێت. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ڕوونكردەوە كە كۆمپانیای "بۆتاس"یش ئامادەیە ڕۆڵی گرنگ لە دانانی ئەم بۆریەدا بگێڕێت.
سەرچاوەیەكی نزیك لە پرۆژەكەش ڕایگەیاند، پێشبینی دەكرێت لە مانگی دیسێمبەری ئەمساڵدا ڕێككەوتننامەیەكی تایبەت بە فرۆشتن و كڕینی گاز لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای وزەی توركیادا واژۆ بكرێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی دەكرێت ئیشی تایبەت بە دانانی بۆریەكە بۆ گواستنەوەی ئەو گازە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست پێ بكات و تاكو سەرەتای ساڵی 2017یش تەواو بێت. پێشبینی دەكرێت كۆمپانیای "گینڵ ئینێرجی"ش یەكەمین كۆمپانیا بێت لە كێڵگەكانی "میران" و "بینا باوی"ەوە گاز ڕەوانەی توركیا بكات. سەرچاوەیەكی دیكەی حكوومەتیش ڕایگەیاند یەكێكی دیكە لە پلانەكان ناردنی گازی سروشتییە بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا.
سەرچاوە: هەواڵگهی ڕۆیتەرز




