ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆستـی ئیسرائیلی: مالیكی خەریكە خەونی ئازادی عێراق لهبار دهبات

باری ڕووبن لە ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆستـی ئیسرائیلیدا بابەتێكی نووسیوە و تیایدا هاتووە، پرۆسەی ڕزگاریی عێراق وای كرد ئەو وڵاتە بچێتە قۆناغێكی زۆر گرنگەوە: كشانەوە لە ڕكابەرایەتیكردنی ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆتاییهاتن بە بیرۆكەی ئایدیۆلۆژی ڕادیكاڵ، گەشەكردنی پرۆسەی دیموكراسی، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ پەیدابوونی پارتی نوێ و جێبەجێكردنی سیستەمی فیدراڵیزم.
ئەم هۆكارانەیش وایان كرد، ژمارەیەكی زۆر توێژەرەوە پێیان وابێت دەكرێت سیستەمی عێراق ببێتە باشترین نموونە بۆ وڵاتانی جیهانی عەرەبی، بەڵام سیاسەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی وای كرد، ئومێدی جیهان بە پرۆسەی دیموكراسی عێراق بە گەشی نەمێنێتەوە، چونكە ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵ و مانگی ڕابردوودا تەواوی هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ كۆنترۆڵكردنی هەموو دەسەڵاتەكان.
نووسەر لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا باسی لەو هۆكارانە كردووە كە وایان كردووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بوارە جیاوازەكانەوە پێشكەوتن بەدەست نەهێنێت، لەوانەیش:
- هەندێك وڵات پێیان وایە دەتوانن تەواوی ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەن و هەربۆیەیش ئامادەیی ئەوەیان تێدایە بڕێكی زۆر پارە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكەن، لەوانەیش میسر و ئێران و توركیا.
- كێشەكان هەوڵی چارەسەركردنیان نادرێت، ڕق لێبوونەوە بەشێكە لە كولتوور.
- زاڵیی ئەو تێڕوانینەی كە ئایدیۆلۆژیایەك دەتوانێت پشتیوانیی هەموو كەس بەدەست بهێنێت و هەموو ناوچەیەك بگرێتەوە. پێشتر ئەم ئایدیۆلۆژیایە هەستی نەتەوایەتیی عەرەبی بوو و ئێستایش ئایدیای ئایینە.
- لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو بۆچوونە زاڵە كە كەسێك تەنیا لە ڕێی بوون بە دیكتاتۆرەوە دەتوانێت ببێتە سەركردەیەكی بەتوانا.
- ڕەتكردنەوەی بیرۆكەی فرەپارتی، ئازادی و گرنگیدان بە دەسەڵات و ڕكابەرایەتیی سیاسی، نەوەك پێشكەوتنی بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری.
نووسەر لە كۆتایی بابەتەكەیدا دەڵێت: ئەورووپییەكان لە دەست ئەم نەخۆشیانەی سەرەوە ڕزگاریان بوو، بەڵام ئەو بیرۆكانەی ئاماژەیان پێكرا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بەهێزن و هەربۆیەیش ئەستەمە پێشكەوتن لە بوارە جیاوازەكانی ژیانەوە لەم ناوچەیەدا بەدەست بێت.
وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی




