سبەی سەرۆکی ھەرێم لە گەڵ کوتلە کوردییەکان کۆدەبێتەوە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ سەرۆکی کوتلەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، بڕیارە سبەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەباری چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم لە گەڵ کوتلە کوردییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە.
نەجیب عەبدوڵڵا بالەتەیی سەرۆکی کوتلەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەKDP.info راگەیاند: لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بانگھێشتی ھەموو کوتلەکان کراوە بۆ ئەوەی سبەی کۆبوونەوەیەک کاتژمێر٢:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ لە نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بهڕێز مەسعود بارزانی و کوتلەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت، ئەمەش دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق .
نەجیب عەبدوڵڵا بالەتەیی گوتیشی: لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چونەیەتی بەشداریکردنی کورد لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دەکرێت، بۆئەوەی بە چ شێوەیەک بەشداری لەو ھەڵبژاردنە بکەن.
بالەتەیی رونیشیکردهوە، لە کۆبوونەوەکە باس لەوە دەکرێت کورد چۆن بەشدار بێت لە ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی کورسی زیاتر لەو ناوچانە بەدەست بێنێت.




