٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرچاوەیەک لە یەکێتی ئەوروپا تایبەت بۆ KDP.info: یەکێتی ئەوروپا ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات و لەوانەیە 12 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئاوارەکان زیاد بکات

سەرچاوە: KDP.info

برۆکسل - تایبەت بە  KDP.info/   سەرچاوەیەک لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە پرسی ئاوارەکانی رۆژئاوا کە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون ، سوپاس و  ستایشی رۆلی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لەمبارەوە  دڵاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان  لە لێدوانێکی تایبەت بۆ    kdp.infoرایگەیاند: سەبارەت بە پرسی ئاوارەکانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان و پاش هەوڵە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ وروژاندنی ئەو پرسە لە ناوەندە ئەوروپییەکاندا، یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی ئاشکرایکرد کە یارمەتییەکانی بۆ  ئاوارە  نیشتەجێکانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات و هاوکات ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد و  رۆڵی هەرێمی کوردستانی لەو بارەیەوە بە گرنگ وەسف کرد.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم گوتی: ئەو هەڵوێستەی یەکێتی ئەوروپا لە دووتوێی نامەیەکی فەرمی کۆمسیۆنی ئەوروپادا هاتووە کە لە ڕێکەوتی 6/11/2013 ئاراستەی پەڕلەمانی ئەوروپا کراوە. کۆمسیاری ئەوروپی تایبەت بە هاریکاری مرۆیی و بەرەنگاربوونەوەی قەیران، خاتوو ''کریستالینا جۆرجێڤا'' سەبارەت بە رەوشی ئاوارەکانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی پەڕلەمانتار ''ستروان ستیڤنسن''  کردووە و تێیدا ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی سنوورەکانی لەبەردەم ئاوارە سورییەکاندا، رێگر بووە لە سەرهەڵدانی کارەساتێکی مرۆیی لە ناوچەکەدا''.  لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا کۆمسیاری ئەوروپی جۆرجێڤا ئاشکرایکرد کە یەکێتی ئەوروپا پێشتر بڕی 9 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم تەرخان کردووە و ئەو بڕە پارەیە لە رێگەی رێکخراوەکانی   UNHCR، WFP، unicef   بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری کەمپی دۆمیز و مناڵانی کەمپەکە سەرفکراون.  هاوکات کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاشکرایکرد کە وا بڕیارە لە ماوەی ئایندەدا 12 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان تەرخان بکات. شایانی باسە نامەکەی کۆمسیۆنی ئەوروپا، وەڵامی نامەیەکی فەرمی پەرلەمانی ئەوروپایە کە لە رێکەوتی 25/9/2013 ئاراستەی کۆمسیۆنی ئەوروپا کرابوو و تێیدا داوا کرابوو کە یەکێتی ئەوروپا پتر بەدەم ئاوارە سورییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانەوە بچێت و هاریکاری زیاتر لەو بارەیەوە پێشکەش بکات.

 لێدوانێکەیدا دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، خۆشحاڵی خۆی بەو بڕیارەی کۆمسیۆنی ئەوروپا راگەیاند و گووتی کە ئەوان لە ماوەی رابردوودا فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر پەڕلەمان و کۆمسیۆنی ئەوروپا بۆ ئەوەی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بێبەش نەبن لەو هاوکارییە مرۆییانەی کە یەکێتی ئەوروپا بۆ قەیرانی سوریا تەرخانی کردووە. ئاژگەیی راشیگەیاند کە ئەوان لە هەوڵەکانیان بەردەام دەبن و بەدواداچوونی پێویستی بۆ دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار