مەزڵوومدەر: لە دژی دیوار درێژە بە تێكۆشانی خۆمان دەدەین

دیاربەكر- KDP.info/ رێكخراوی مەزڵوومدەر بۆ لێكۆڵینەوە كردن لە سەر دامەزراندنی دیوار لە سەر سنوری نێوان توركیا و سوریا ( باكوور و رۆژئاوای كوردستان) كۆمیتەیەكی تایبەتی دامەزراندووە.
لەوبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكرخەبەر بڵاویكردەوە كە رێكخراوی مەزڵوومدەر بۆ لێكۆڵینەوە كردن لە سەر دامەزراندنی دیوار لە سەر سنوری نێوان هەر دوو پارچەی كوردستان بە تایبەتی لە نێوان شارەكانی نوسێبین لە باكوور و قامیشلۆ لە رۆژئاوای كوردستان كۆمیتەیەكی تایبەتی دامەزراندووە و دوای كۆتایی هاتنی لێكۆڵینەوەكان راپۆرتێك ئامادە و پێشكەشی دامودەزگا نێودەوڵەتییەكان دەكرێ.
مەزڵوومدەر ئاماژەی بەوە داوە كە دروست كردنی ئەو دیوارە بە مانای دابەش كردنی گەلی كورد و دروست كردنی سنور لە نێو سنورە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك لە بەرامبەر دروست كردنی ئەو دیوارەدا بێدەنگ نابین.
مەزڵوومدەر جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە دوای كۆتایی هاتنی لێكۆڵینەوەكان دەست بە ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانێكی سەرانسەری لە دژی دروست كردنی دیوارەكە دەكەن.




