٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی فتوای ھەرێمی کوردستان : کوفری لە سرودی ئەی رەقیب دا نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ سەرۆکی لیژنەی فتوای ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، کوفری لە سرودی ئەی رەقیب دانیە و مەبەست لەو سرودەش ئەوەیە کە ئێمە نیشتیمانی خۆمان خۆش دەوێت وبەرگری لێده‌کەین.

مامۆستا محەمەد سەرۆکی لیژنەی فتوای ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: ئێمە ھەموومان ئاینی خۆمان خۆشدەوێت و سرودی ئەی رەقیبیش مەبەستی کوفری نییە، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە کە ئێمە ھەموومان نیشتیمانی خۆمان خۆش دەوێت و بەرگری لێده‌کەین.

مامۆستا محەمەد گوتیشی: ئێمە شرۆڤەمان بۆی کردووە کە ئێمە چۆن ئاینی خۆمان خۆش دەوێت بەھەمان شێوە نیشتیمانی خۆشمان خۆش دەوێنت و بەرگری لێده‌کەین، کەواتە ئەمە بەھیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی کوفرەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە مەریوان نەقشبەندی بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: پێشنیارمانکرد کە داواکاریەک ئاراستەی یەکێتی زانایان و لیژنەی فتوای ھەرێمی کوردستان بکەین سەبارەت بەرێزگرتن لەسرودی نەتەوەیی(ئەی رەقیب) و وەزیری ئەوقافیش رازامەندی پێشانداو و گوتی: من بەشانازیەوە لەبەر سرودی ئەی رەقیب و خوێنی شەھیدان رادەوەستم.

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ لەیەکەم کۆبوونەوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان و خوێندنەوەی سرودی نیشتیمانی ئەی رەقیب ئەندامانی کۆمەلی ئیسلامی ھەڵنەستانەوە و رایانگەیاند: لەبەرئەوەی ئەم سرودە کوفری تێدایە ئامادەنین ھەلستنەوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا.

هەواڵی پەیوەندیدار