٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد

سەرچاوە: KDP.info
لە درێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ڕۆژی سێشەممە 5/11/2013، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی پەڕلەمانی ئەوروپای کرد.

وێستگەی یەکەمی سەردانەکە بریتی بوو لە کۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمانتار خاتوو ئاما ماریا گۆمێس کە هاوکات ڕێکخەری فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانە لە پەڕلەمانی ئەوروپا. لە میانەی دیدارێکدا پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان باسیان لێوەکرا. دلاوەر ئاژگەیی لە سەرەتادا باسی لە بارودۆخی ئێستای هەرێم کرد و تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان کە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوون. لە لای خۆشیەوە خاتوو گۆمێس خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و هیوای خواست کە هەرێمی کوردستان هەمیشە لانکەیەکی دیموکراسی و نمونەیەکی گەشی ئاشتی و پێکەوەژیان بێ بۆ عێراق و ناوچەکە. لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە ڕەوشی ئاوارەکانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان کرا و هەردوو لا کۆک بوون لە سەر پێویستی بەدەنگەوەهاتنی زیاتری یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەو ئاوارانە. پرسی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە لایەن پەڕلەمانی ئەوروپاوە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و لەو بارەیەوە پەرلەمانتار ئانا گۆمێس پشتگیری تەواوی خۆی و گروپەکەی بۆ ئەو داوایە نیشاندا. خاتوو گۆمێس کە دۆستێکی دێرینی گەلی کوردە باسی لە هەوڵەکانی خۆی کرد لە ساڵانی 1988 -1989 کاتێک کە وەک دبلۆماتکاری ووڵاتی پرتوگال لە لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان هەوڵیداوە کیمیابارانی هەڵەبجە بە فەرمی سەرکۆنەبکرێ. دلاوەر ئاژگەیی سوپاسی ئەو هەڵوێستە دۆستانەیەی خاتوو گۆمێسی کرد و سوپاسی کرد بۆ ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی کە لە دۆزی کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستانی بە تایبەتی دەکات. کۆبوونەوەکە بە ئاڵووگۆڕکردنی چەند هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان کۆتاییهات و خاتوو گۆمێس بانگهێستی شاندنی نوێنەرایەتی کرد بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانسێک لە بارەی مافی ئافرەتانەوە و ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە ئەو داوایەیان قبووڵکرد.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە پەڕلەمانی ئەوروپا بەشداریانکرد لە کۆنفرانسێک سەبارەت بە مافی ئافرەتان کە لە لایەن پەرلەمانتار ئانا گۆمێس و بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی (Kvinna till Kvinnaئافرەتان بۆ ئافرەتان) کە ڕێکخراوێکی داکۆکیکارە لە مافی ژنان و ئافرەتان سازکرابوو. پاش بەخێرهێنانی میوانەکان ئاناگۆمێس لە وتەیەکدا سوپاسی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانسەکەدا و هیوای خواست کە هەموو لایەنەکان بەردەوام بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان. یەکێک لە بەشداربووەکانی خاتوو ''هێلگا شمیت'' بوو لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کە ووتیەکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بەو پرۆگرام و پڕۆژانە کرد کە یەکێتی ئەوروپا لە بواری توندوتیژی دژی ئافرەتاندا بەڕێوەی دەبا. پاشان خاتوو ''لینا ئاگ'' سکرتێری گشتی ڕێکخراوی Kvinna till Kvinna ووتەیەکی پێشکەشکرد کە تێیدا ئاماژەیدا بە کار و چالاکیەکانی ڕێکخراوەکەی لە 17 وولاتی جیهاندا و بوونی ئۆفیس لە 10 ووڵاتدا، لەوانە ئۆفیسێک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکە بریتی بوو لە نیشاندانی فیلمێک بە ناوی

'six days’'' کە باس لە هەوڵ و کارەکانی سێ خانمی چالاکوان دەکا لە بواری مافەکانی ژنان. یەکێک لەوانە خاتوو ''لەنجە عەبدوڵا'' ی چاڵاکوانی بواری ئافرەتان بوو کە هەوڵی بنبڕکردنی دیاردەکانی وەک خۆسووتاندن و کۆوشتنی شەرەف دەکات. لە پاشاندا گفتوگۆیەکی کراوە سەبارەت بە ناوەرۆکی فیلمەکە و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە گشتی دەستیپێکرد و لەو بارەیەوە کۆمەڵێ بیر وڕای جیاواز ئاڵووگۆڕکران.

هەواڵی پەیوەندیدار