دەوڵەت باخچەلی: حكومەتی توركیا پشتگیری لە گروپە توندڕەوەكانی سوریا دەكات

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرەستی توركیا ( مەهەپە) دەوڵەت باخچەلی لە میانی كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی خۆی لە پەرلەمانی توركیا رەخنەی توندی ئاراستەی حكومەت و سەرۆكوەزیرانی توركیا كرد و رایگەیاند كە سیاسەتی حكومەتی توركیا زۆر هەڵەیە بووەتە هۆكاری پەراوێز خستنی توركیا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی مەهەپە بڵاویكردەوە كە دەوڵەت باخچەلی رایگەیاندووە تا دوێنێ سەرۆكوەزیرانی توركیا لەگەڵ بەشار ئەسەد هاوپەیمان بوون و ئەسەدی بە برای خۆی لە قەڵەم دەدا بەڵام ئەمڕۆ دەڵێ ئەسەد یەزیدە. ئەمە ناكۆكییەكی گەورەیە لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا و بووەتە هۆكاری زەرەر و زیانێكی گەورە.
باخچەلی هەروەها رایگەیاندووە كە حكومەتی توركیا بە بیانووی دژایەتی كردنی بەشار ئەسەد هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەكی پێشكەشی گرووپە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا دەكات و ئەمەیش بە مانای خیانەت كردن لە نرخە نەتەوەییەكانی توركیایە.
دەوڵەت باخچەلی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەردۆغان و سیاسەتی حكومەتی ئاكەپە وای لە توركیا كردووە كە توركیا لە عێراق، ئەفغانستان، لیبا و نایرۆبی و چەندین وڵاتی دیكەی جیهاندا ببێتە هاوپەیمانی پیاوكوژە نامسڵمانەكان، بۆیە توركیا لە ناوچەكەدا پەراویز خراوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا بە چاوی خۆمان دەبینین كە توركیا بە هۆی ئەو پراویز خستنەوەیەوە پارچە دەكرێ.




