عادل بەرواری: بانگھێشتکردنی مالیکی بۆ ئەمەریکا بەمەبەستی لێپرسینەوە بووە

بەغدا-تایبەت بەKDP.info/ راوێژکاری پێشوی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەرێمی کوردستان دەڵێت: بانگھێشتکردنی نوری مالیکی بۆ ئەمەریکا بەمەبەستی لێپرسینەوە بووە، نەک باس لە کارە باشەکانی بکەن.
عادل بەرواری راوێژکاری پێشوی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: بانگھێشت کردنی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا لەدوای ئەوە ھات کە رەوشی عێراق بەروە خراپی دەروات و پێکھاتەکانی دیکەی پشتگوێخستووە لە پرۆسەی سیاسی، بۆیە بانگھێشتکراوە کە لێپرسینەوهی لەگەڵ بکرێت و ئاگاداری بکەنەوە چیتر رێگا نادەن رەوشی عێراق لەمە خراپتر بێت، نەک دەستخۆشی لێبکەن کە کاری باشی کردووە.
عادل بەرواری گوتیشی: ئەمەریکا پەلە ناکات کە ئەنجامی سەردانەکی مالیکی چۆن بووە تاوەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وسەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن ئەو کات ئەنجامەکە بەتەواوەتی ئاشکرا دەبێت.
لەچەند رۆژی رابردوو نوری مالیکی لەسەر بانگھێشتی ئەمەریکا سەردانی ئەمەریکای کرد و بڕیارە ھەر یەکە لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و ئوسامە نوجەیفی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ئەمەریکا بکەن.




