گوتەبێژی حکومەتی تورکیا؛ لەسەر سنووری سوریا لە نوسیبین دیوار دروست ناکەین

ئەنقەرە –KDP.info/ جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا بولەند ئارنچ، لەبارەی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری تورکیا کە بەدەپە ناوی ناوە دیواری شەرم گوتی: ئێمە ئاسایشی ھاووڵاتیانمان بە بنەما دەگرین، بۆ ئەوەش ناچارین ھەندێک رێوشوێنی کاتی بگرینەبەر. ئەگەر وا دەزانن دیوار دروست دەکەین نەخێر وا نییە. ئەوەی دەکرێ کە تا ئەمڕۆ لەھەندێک شوێنی دیکە کردوومانە، تەلبەندکردنی ئەو شوێنەیە. ئاژانسی ئەنادۆل بڵاویکردەوە کە بولەند ئارنچ گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا رایگەیاندووە ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دراون، زانیاریی بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکراکرد و لەبارەی ئەو دیوارەی لەناوچەی نسێبین لەپارێزگای ماردین دروستدەکرێ، ئەرنج گووتی: لەوێ بە شێوەیەکی کاتی دیوارێک بە درێژایی 1300مەتر دروستدەکرێ. دروستکردنی ئەو دیوارە بە مانای ئەوە نییە بەرز دەکرێتەوە. دوای دروستکردنی دیوارەکە تەلبەند دەکرێ. ئەگەر وا تێدەگەن ئەمە دیوارە، نەخێر دیوار نییە، پرسی دروستکردنی دیوار بەھیچ شێوەیەک لە ئارادا نییە. ئەمە وەکو لێدوانێکی فەرمی پەسەند بکەن، چونکە ھەندێک لایەن لەسەر ئەو پرسە مشتومڕ دروست دەکەن، ھەندێکی دیکە لەسەر ئەوە سیاسەت دەکەن. لەوە زیاتر تا ئەو ئاستەی ئاگام لێیە خاتوونێکی سەرۆک شارەوانی لەدژی ئەمە دەستی بەمانگرتن کردووە. نەخێر ئەو مەسەلەیە بەمشێوەیە نییە کە بانگەشەی بۆ دەکرێ، بەڵکو تەلبەند کردنی ناوچەیەکە بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤ.




