جەمیل چیچەك: نەمانتوانی دەستووری نوێ ئامادە بكەین

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك رایگەیاند كە ئەو كۆمیتەیە كە بۆ ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا پێش دوو ساڵ لە لایەن پەرلەمانەوە دامەزرابوو نەیتوانی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی حاكیمیەت بڵاویكردەوە كە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك رایگەیاندووە كە پێش دوو ساڵ پەرلەمانی توركیا كۆمیتەیەكی تایبەتی كە پێكهاتبوو لە نوێنەرانی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمان بۆ ئامادە كردنی دەستووری نوێ دامەزراند.
جەمیل چیچەك لە بەشێكی دیكەی گوتەكانی خۆیدا رایگەیاندووە كە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا كۆمیتەی ئامادەكاری دەستووری نوێ توركیا بەهۆی جیاوازی و ناكۆكییەكانی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەكان و هەروەها بە هۆی جیاوازی بیروڕای ئەندامانی كۆمیتەكەیەوە نەیتوانیوە ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، بۆیە نەتوانرا لە ماوەی دیاریكراودا دەستووری نوێ توركیا ئامادە بكرێت.
چیچەك ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ماوەی دوو ساڵدا تەنیا توانراوە 60 مادە لە دەستووری نوێ ئامادە بكرێ و ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەربەستن لە بەردەم ئامادە كردنی مادەكانی دیكەی ئەو دەستوورە.




