مەكتەبی سیاسی یەکێتی: تەئكید لە سەر پاراستنی ئارامی شاری سلێمانی و تەواوی هەرێمی كوردستان دەکەینەوە

سلێمانی - تایبەت بە KDP.info/ سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتیمانی ئاشکرای دەکات کە لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ 4/11/2013 مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایگەیاند: كۆبوونەوە تەئكیدی لەسەر پاراستنی ئارامی شاری سلێمانی و تەواوی هەرێمی كوردستان كردەوەو سەروەری یاساو گرتنەبەری هەموو رێكار و رێوشوێنێكی یاسایی دوپات كردەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئارامی شار.
بە پێی ئەو راگەیاندراوەی کە دانەیەکی بۆ kdp.infoنێردراوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا باسی سێ تەوەری سەرەكی کراوە کە بریتی بوون كەیسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و ئیستحقاقاتە پەرلەمانیەكان و تەئكید لەسەر بڕیارەكانی دواكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كرایەوەتەوە.
بە پێی ئەو راگەیاندراوە لیژنەی دانوستانی یەكێتی لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بەپەرلەمانی كوردستان، پێكهێنرا بە سەرپەرشتی دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح و ئەندامێتی هەر یەكە لە قادر حەمەجان، عماد ئەحمەد و دكتۆر نجم الدین كریم .
هەروەها لیژنەیەکی باڵای ئامادەكاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی پێكهێنرا لە قادر حەمەجان، رفعت عبدالله، رزگار عەلی، شۆڕش ئیسماعیل و دلێری سەید مەجید.
لە تەوەرێكی دیكەدا، كە تایبەت بوو بە بارودۆخی شاری سلێمانی و سنووری پارێزگاكە، كۆبوونەوە رایگەیاند: تەئكید لە سەر پاراستنی ئارامی شاری سلێمانی و تەواوی هەرێمی كوردستان دەکەینەوە و سەروەری یاسا و گرتنەبەری هەموو رێكار و رێوشوێنێكی یاسایی دوپات دەکەینەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر هەوڵێك بۆ تێكدانی ئارامی شار و پێشێلكردنی یاسا و دروستكردنی نیگەرانی لەناو شارەكەدا بتە ئاراوە. هەر لەو تەوەرەدا كۆبوونەوە رای یەكێتی تەئكید كردەوە كە سوورە لەسەر جێ بەجێكردنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە زووترین كات و هەروا چارەسەر كردنی كێشە ئیدارییەكان بە پێی یاسا و بە ئامانجی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك و رەواندنەوەی بارگرژییەكان.




