ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكرد و كوردیش دەنگی پێدا

بەغدا- تایبەت بە KDP.info / دوای كێشمەكێشم و ناكۆكییەكی چەند رۆژەی نێوان قەوارە سیاسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردن، دواجار ئێوارە ئەمڕۆ بەزۆرینەی دەنگ پرۆژەكە پەسەندكرا.
شوان محمد تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی تایبەت بۆkdp.info گوتی: دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نێوان كوتلە و قەوارە سیاسییەكانی عێراق، دواجار ئێوارەی ئەمڕۆ پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند كرا.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی كورد لە كاتی خستنە دەنگدانی پرۆژەكە گوتی: لە كۆتایی و كاتێك كۆی گشتی پرۆژەكە خرایە دەنگدانەوە كورد بەسەرجەم لیستەكانییەوە دەنگمان بە پرۆژەكە دا، بەڵام پێمانوایە غەدرێكی گەورە لە كۆتای برا ئێزدییەكان كرا كە ئێمە تاوەكو دوا خولەك پشتگیری زیادكردنی كورسی كۆتامان بۆ كردن، بەڵام كوتلەكانی تر رازی نەبوون كە وەكو خۆی یەك كورسی مایەوە كە ئێمە داوای دابینكردنی زیاترمان دەكرد.
ناوبراو گوتیشی: بەپێی ناوەڕۆكی پرۆژە یاسا پەسەندكراوەكە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای بازنەی كراوە ئەنجام دەدرێت.




