پۆڵ بریمەر: نابێ ئیدارەی ئۆباما پشتگیری لە نوری مالکی بکات

عێراق – :KDP.infoحاكمی پێشووی مەدەنی ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند، پاشەكشەی سوپای ووڵاتەكەی لەعێراق هەڵەیەكی گەورە بوو، گۆڕەپانەكەش لە بەردەم ئەمریکا بۆ وڵاتانی وەک ئێران چۆڵ كرا. پۆڵ بریمەر حاكمی پێشووی مەدەنی ئەمریكا لەعێراق لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی سی ئێن ئێن رایگەیاند، پاشەكشەی سوپای ووڵاتەكەی لەعێراق هەڵەیەكی گەورەبوو،دەسترۆیشتووی ئێران لە وڵاتە فراوانتربووە ، لەهەمان كاتیشدا داوای كرد واشنتۆن فشار لەسەر نوری مالیكی سەرۆك وەزیران دروست بكات بۆ ئەوەی گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ لایەنەكان دەست پێبكات. بریمەرئەوەشی خستەروو ، بڕیاری پاشەكشەی سوپای ئەمریكا تەنانەت بۆ خودی مالیكیش سەخت بووە، لەلایەكی تریشەوە مامەڵەی تووندی واشنتۆن لەگەڵ ئێران و هەرەسهێنانی دەوڵەت لەسوریاو چۆڵ بوونی گۆڕەپانەكەو گەشەكردنی زیاتری ڕێكخراوی قاعیدەو هەڵگەڕانەوەی سوونەكان و ناچاربوونی مالیكی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەكە بەتەنهایی و ئەوەش تووشی چەندین هەڵەی سیاسی كردووە. بریمەر هەروەها رایگەیاند، مالیكی بازنەی سیاسی لەووڵاتەكەی داخستووە، واشنتۆنیش ئاگادارە، بۆیە هیچ مامەڵەیەكی پێدانی چەك و جبەخانەی لەگەڵدا ناكاتەوە و تاكو ئەو بەو شێوەیە بیربكاتەوە، بریمەر بەپێویستیشی زانی ساڵی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی پاك و خاوێن بەڕێوەبچێت. حاكمی پێشووی مەدەنی ئەمریكا لەعێراق پێشی وابوو لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی ئاسایشی ئێستای عێراق خراپە، بەڵام لەچاو سەردەمی حوكمڕانی سەدام حوسێن باشترە.




