ئەشواق جاف: لەنەبوونی خشتەیەكی تۆكمەدا، پەرلەمانتارانی عێراق دەستبەتاڵن

بەغدا- تایبەت بە KDP.info/ ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەخنە لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت، بەهۆی نەبوونی خشتەیەكی تۆكمەوە پەرلەمانتارانی عێراق زۆربەی كات لە كافتریای پەرلەمانن بە بێكار، ئەوە بەپێشێلكاری كاتی پەرلەمانتاران دەزانێت.
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە(kdp.info)ی راگەیاند: لەسایەی نەبوونی خشتەیەكی تۆكمە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، پەرلەمانتارەكان دەستبەتاڵ زۆربەی كاتەكانیان لە كافتریای پەرلەمانی عێراق بەسەر دەبەن، ئەوە گاڵتەكردنە بەپەرلەمانتاران و گەلی عێراق.
ئەوەشی گوت، خشتەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان جێی ئەو پەڕی رەخنەیە، كە تەنیا پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی تێدایە، كە هەموویان دەزانن ئەمانە رێكکەوتن لە سەر پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی عێراق ناكرێت، بەردەوامین لەسەر یاسای خانەنشین، پەرلەمانتارەكان وا هەست دەكەن كە ئەوە گاڵتەكردن بێت پێیان، پێویستە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەیەكی پوخت دابنێت.
باسی لەوەش كرد، با پەرلەمانتاران لەسایەی خشتەیەكی بەهێزدا لەكۆبوونەوەكانی پەرلەماندا كار لەسەر یاسا گرنگەكان بكەن و سەرۆكی بارستەكانیش سەرقاڵی گەیشتنە رێكکەوتنێك بن لەبارەی ئەو بابەتانەی پێویستیان بەرێكکەوتن هەیە لەبارەیەوە، كارەكانی پەرلەمان بەیاسای هەڵبژاردنەكانەوە ئیفلیج نەبێت، پەرلەمانتارەكان كاتەكانیان زۆر بەگرنگە پێویستە بۆ گەلی عێراقی تەرخانی بكەن، نەك بێنە ناو بینای پەرلەمان و لەكافتریادا بێكار و دەست بەتاڵ دابنیشن.
جەختی لەوە كردەوە، ئەو رێكنەخستنی خشتەی كۆبوونەوانەی پەرلەمانتاران بەفیڕۆدەری كاتی پەرلەمانتارانە و گاڵتەكردنە بەمیللەت بەو هۆیەی پێویست بوو خشتەی كۆبوونەوەكان یاسا گرنگەكانی تێدا بێت بۆ ئەوەی بخرێنە رێوشوێنی یاسایی خۆییەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.
لەگرنگترین ئەو یاسایانەی پێویستە لەئێستادا كاری لەسەر بكەین یاساكانی حزبەكان، ئازادی گوزارشتكردن، قەرەبووكردنەوەی قوربانیان، یاسا گرنگەكانی دیكە كەپێویست بوو ئێمە كاری لەسەر بكەین بەوردی، بەڵام بەو شێوەیەی هەموو رۆژێك پەرلەمانتاران دەهێننە ناوپەرلەمان و تەنیا بۆ كاركردن لەسەر یەك بڕگەی یاسایی و دواتر لەكافتریا دابنیشین ئەوە بەگاڵتە و ستەم تێدەگەم لەپەرلەمانتاران و گەلی عێراق.
پتر گوتی، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی سەرۆكی بارستە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق ناگەنە رێكەوتنێك لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق خشتەیەكی تۆكمە دابرێژێت كەئەو یاسایانەی لەخۆ بگرێت كەپەیوەندی راستەوخۆیان هەیە بەژیانی هاووڵاتیانەوە.




