ئەندامێکی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە: بەھیچ شێوەیەک ساختەکاری لە ھەڵبژاردنی سەندیکای پارێزەران نەکراوە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە وھەڵبژاردنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ئاشکرایکرد،ھەڵبژاردنی ئەنجومەن ونەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان زۆر بە شەفافی وبێ ساختەکاری بەرێوەچووە و ئەنجامی کۆتایش راگەیندراوە و بەھیچ شێوەیەک ئەو ھهڵبژاردنە دوبارە نابێتەوە.
فەھد قادر ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە و ھەڵبژاردنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بەKDP.infoراگەیاند: لەکۆی ئەو دەنگانەی لە سندوقەکان ھەبوون ولەگەڵ ئەوانەی لە تۆماری دەنگدەران ھەیە ھەر کەسەی کە دەنگی دەدا خەتی لێدەدرا، بەڵام لە سندوقی نەقیب پازدە دەنگ خەتی لێنەدرابوو ،ئەمەش لەکاتێکدا نوێنەری لایەنەکان لەوێ بووە و نوێنەری رێکخراوەکان و دادوەر وئێمە دوو سەرپەرشتیار لەوێ بووین ، بۆیە بەھیچ شێوەیەک وەرەقەی زیاد نەبوو ، ئەمەش رەنگە ھۆکارەکەی ئەوەبێت کارمەندەکان نەیان توانی بێت خەت لەو ناوانە بدەن وسەرەڕای ئەوەش ئەم پازدە دەنگە کاریگەری لە سەر ئەنجومەن و نەقیبی سەندیکا نابێت.
فەھد قادر ئیسماعیل گوتیشی: ھەندێک لەئەندامان داوایان کرد کە پەسەندی نەکەین ، بەڵام ئێمە لیژنەی دەرخەرین وبەھیچ شێوەیەک بڕیاردەر نینە، بۆیە بەئیمزای ھەموومان نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکامان دیاریکرد و بڕیاری لەبارەوە دراوە وپەسەندکراون.
ئیسماعیل راشیگەیاند: ئەنجامی کۆتایی راگەیندراوە وبەھیچ شێوەیەک ساختەکاری ئەنجام نەدراوە ودوبارەش نابێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، نەقیبی سەندیکا و پێنج لەئەندامان بۆ پارتی وسێ ئەندام بۆ یەکێتی ودوو ئەندامەکەی دیکەش بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە ھەندێک لە دەزگا راگەیاندنەکان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە کە ساختەکاری لەو ھەڵبژاردنە کراوە وئەگەری دوبارەکردنەوەی ھەیە.




