وەزارەتی دارایی: ھەرکاتێ لیکۆڵینەوە لەناوەکان تەواو بوو فەرمانی وەزاری بۆ مامۆستایانی تازە دامەزراو دەردەکەن

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاوەڕوانی فەرمانی وەزاری وەزارەتی داراییە بۆ دەستبەکاربوونی مامۆستایانی تازە دامەزراو، لەبەرامبەردا وتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت: لیژنەیەک سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە ناوەکان وھەرکاتێ تەواو بوو فەرمانی پێ دەردەکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دلێر تارق تایبەت بەkdp.infoراگەیاند: ئەوانەی ساڵی 2012دامەزراون ناوی ھەمویان پەسەندکراوە، بەڵام لەساڵی 2013تاوەکو ئێستا ھیچ ناوێک پەسەند نەکراوە.
دلێر تارق گوتیشی: لیژنەیەک پێکھاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لەناوەکان و ھەرکاتێ کاری خۆیان تەواوکرد پەسەندی دهکەن و دواتر فەرمانی وەزاری دەردەچێت بۆ ئەوەی دەست بەکاربن.
ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی دامەزراندنی نزیکەی ھەزار مامۆستای بۆ ساڵی 2013رادەستی وەزارەتی پەروەردە کرد ، لەبەرئەوەی پێویستیان بە مامۆستا ھەیە بۆ ئەوەی دەست بەکاربن و لەناوەندەکانی خوێندن دوام بکەن.




