فوئاد حوسێن: دامەزراندنی ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم بەپێی ئەو دەسەڵاتانەیە کە ده‌ستوری عێراق بۆ هەرێمی دیاری کردووە

ئه‌مڕۆ چوار شەممە ١١/٧/٢٠١٢ سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان له وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه به‌م دواییانه ئاراسته‌ی هه‌رێمى كوردستان ده‌کرێت که به دروستكردنى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم هه‌نگاوى ناده‌ستوورى ناوه، رایگه‌یاند، ئه‌و هه‌نگاوانه دژی ده‌ستوری عێراقی نییه و له چوارچێوه‌ى ته‌واوكردنى پرۆسه‌ى یه‌كگرتنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانه.
فوئاد حوسێن له لێدوانێكدا گووتى: ئه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن كه دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم ناده‌ستوورییه، مادده‌یه‌كى ده‌ستوورییان پشتگوێ خستوه که ڕاشكاوانه له‌مباره‌یه‌وه ده‌سه‌ڵات به هه‌رێمى كوردستان ده‌به‌خشێت، له بڕگه‌ى پێنج له مادده‌ى 121 له ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراقدا هاتووه، "ئه‌وه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێم پێویست بێت حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت بیکات، به تایبه‌تیش دامه‌زاراندن و ڕێكخستنى هێزه‌كانى ناوخۆى هه‌رێم وه‌ك پۆلیس و ئاسایش و پاسه‌وانى هه‌رێم."
سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم روونیکرده‌وه: ئه‌و داموده‌زگایانه‌ى له ژێر چه‌ترى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمدان، داموده‌زگاى ئه‌منى دێرینن، دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نێكى تایبه‌ت بۆ ئه‌م داموده‌زگایانه بۆ ڕێكخستن و نه‌خشه‌دانانی سیاسه‌تى ئه‌منى یه‌كگرتوو و هه‌ماهه‌نگییه‌ک له نێوان ته‌واوى دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان بیته‌کایه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن له ده‌قى یاساى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دا هاتووه، ئه‌مه‌ش بۆ رێکخستنی کار‌و ئه‌رکه ئه‌منییه‌کانی ئه‌م ده‌زگایه‌یه، بۆیه ئه‌نجومه‌ن ده‌زگایه‌که بۆ پاراستنى ئه‌من و ئاسایشى هه‌رێم دامه‌زراوه نه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى به‌رگری بێت وه‌ك هه‌ندێك بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌که‌ن و درۆ و بوختان هه‌ڵده‌به‌ستن.




