٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەوڵێكی تیرۆریستان بۆ شێواندنی ئاسایشی هەرێم پوچەڵ كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

راگەیاندراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

هاوڵاتیانی خۆشەویست...

بەچاوكراوەیی رۆڵە گیانفیداكانی گەلەكەمان لە هێزەكانی ئاسایش و پاراستن، توانرا شكست بە پیلانێكی دیكەی تیرۆریستان بهێنرێت و هەوڵەكانیان بۆ تێكدانی باری سەقامگیری هەرێم پوچەڵ بكرێتەوە.

لە رۆژانی رابردوودا، دەزگای پاراستن بە هاوكاری هێزەكانی ئاسایش توانیان دوو تیرۆریستی سەر بە گروپی تیرۆریستی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)دەستگیر بكرێن، كە بە نیازبوون بارەگای ئاسایشی (ئاكرێ‌) بكەنە ئامانج، تیرۆریستی یەكەمیان خۆكوژێكی بە رەگەز عەرەبی سوریە بە ناوی (قتیبە احمد قاسم خگیب ) ناسراو بە ( ابو قتادە المسلم ) لە دایكبووی ساڵی 1996 و نیشتەجێی (حی سوكەر) لە شاری حەلەب- سوریایە، ناوبراو لە رێگەی گروپی تیرۆریستی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) رێكخراوە و دوای چەندین مانگ راهێنان، لەگەڵ نۆ تیرۆریستی دیكە رەوانەی عێراق كراون و پاش مانەوەی یەك مانگ لە موسڵ، لە رێگەی چەند تیرۆریستێكی دیكەوە ئامادەكراوە تاكو لە بارەگای ئاسایشی قەزای (ئاكرێ)ی سەر بە پارێزگای دهۆك بە پشتێنە بۆمب رێژكراوەكەی خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بە هاوكاری تیرۆریستی دووەم دێنە سنوری شاری ئاكرێ‌، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە، تیرۆریستە خۆكوژەكە كە پشتێنەیەكی بۆمب رێژكراوی لە خۆی بەستبوو، دەستگیركرا و دواتر لە چالاكیەكی تایبەتدا، توانرا تیرۆریستی دووەمیش كە ناوی تەواوی (مقداد عبدالقادر ناصر خچیر ) ناسراو بە (ابو عبد) لە دایكبوی ( 1967 )ی شاری موسڵە دەستگیر بكرێت و دان بە تاوانەكەیاندا بنێن و رادەستی دادگا بكرێن، لە گەڵ ئەم راگەیەندراوەشدا دانپێدانەكانیان دەخەینە بەر دیدەی هاوڵاتیانمان.

لێرەدا هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، پشت بە خوا و بە پشتیوانی جەماوەری كوردستان بە هەموو توانایەك لە هەوڵەكانمان بۆ بەرپەرچدانەوە و شكستپێهێنانی تیرۆریستان بەردەوام دەبین.

 

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

3/11/2013

هەواڵی پەیوەندیدار