لە سێدارەدانی گەنجی كورد لە ئێران بەردەوامە

ورمێ- KDP.info/ دوای دەستبەكاربوونی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران حەسەن رۆحانی ژمارەیەكی یەكجار زۆر جوانی كورد لە گرتووخانەكانی ئێران لە سێدارە دراون.
لەمبارەیەوە ئاژانسی كوردپا بڵاویكردوە كە دوای دەست بەكاركردنی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران حەسەن رۆحانی، ژمارەیەكی یەكجار زۆر گەنجی كورد بە بیانووی تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و چەندین هاووڵاتی دیكەی ئەو وڵاتە بە بیانووی جیاجیا لە سەرانسەری ئەو وڵاتە لە سێدارە دراون.
لەو چوارچێوەیەدا تەنیا لە ماوەی یەك حەفتەدا 37 هاووڵاتی كە زۆربەی زۆریان كوردن بە بڕیاری دادگای كۆماری ئیران (دادگای ئینقلاب) لە سێدارە دراون.
بە پێی ئامارێكی دیكە لە سەرەتای دەست بەكاركردنی حەسەن رۆحانییەوە تا ئەمڕۆ بە گشتی 224 كەس لە سێدارە دراون و لەو رۆژانەی دواییدا 28 گەنجی كوردیش بە بیانووی تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە سێدارە دراون و دادگای كۆماری ئێرانیش بڕیارە لە سێدارەدانی بە سەر سێ گەنجی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا سەپاندووە.




