ئەشواق جاف: پەسەندكردنی 6 خاڵەكە، پەردەپۆشكردنی شكستی بارستەكانە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

بەغدا- تایبەت بە KDP.info/ ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بارستەیەكی سیاسی دیاریكراو تۆمەتباردەكات بەدروستكردنی كۆسپ لەرێی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و دەیانەوێ كوردی پێ تاوانبار بكەن بەو گرفتانە و پەسەندكردنی 6 خاڵی یاساكە بۆ پەردەپۆشكردنی شكستی لایەنەكان بوو.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی، بە (kdp.info)ی راگەیاند: پەسەندكردنی شەش خاڵەكانی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق ئەمڕۆ لەلایەن پەرلەمانەوە تەنیا پەردەپۆشكردنێكی شكستی بارستە سیاسیەكان بوو تابەشەقامی عێراقی بڵێن پەرلەمان كار لەسەر یاساكە دەكات چونكە خاڵە ناكۆكەكان ماون، بارستەیەكی دیاریكراویش دەیەوێ یاساكە پەسەند نەكرێ.
ئەوەشی گوت، پەسەندكردنی 6 بڕگە لەكۆی 48 بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆ هەڵخەڵەتاندنە بۆ شەقامی عێراقی، تەنیا بۆ ئەوەی شەقامی عێراق بڵێ پەرلەمان كاریان لەسەر پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە، لەكاتێكدا خاڵە ناكۆكەكانی نێوان بارستە سیاسیەكان لەخاڵی حەوت و بەرەودوا دەست پێدەكات.
ئاماژەی بەوەش كرد، كێشە سەرەكییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەكو خۆیان ماون، چونكە دوای هەر گەیشتنە ئەنجامێك لەسەر رێكەوتنێك لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق بارستەیەكی دیاریكراو پاشەكشێ دەكات.
پتر گوتی، بارستەیەكی دیاریكراو نایەوێ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێ بەو هۆیەی لەقازانجی نییە بەڵام لەبری ئەوەی ئەو رابگەیەنێ بۆمبی لەنێو یاساكەدا داناوە دژ بەكورد و دەیەوێ وا نیشان بدات كە كورد رازی نابێ بەو یاسایە و كەگوایە كورد یاساكە پەك دەخات، بەتایبەت زۆرێك لەمیدیاكان بەئاراستەی دژی كورد كار دەكەن بەڵام راستییەكەی ئەوەیە نوێنەرانی كورد نایانەوێ پێشێلكاری بەرامبەر بەمافی كورد بكرێ لەو یاسایەدا.
باسی لەوەش كرد، خاڵێكی دیكە كە زۆر جێگەی تێڕامانە ئەوەیە كە بارستەیەكی دیاریكراو پێگیری لەسەر پشت بەستن بەئاماری وەزارەتی بازرگانی دەكات لەكاتێكدا دادگای ناوەندی بڕیاری لەسەر ئەوەیە كەنابێ پشت ببەسترێ بەو ئامارە تا سەرژمێری دانیشتوانی عێراق نەكرێ.
زیاتر گوتی، دیارترین رەخنە لەئامارەكەی وەزارەتی بارزگانی عێراق ئەوەیە كە ئاماژە بەوە دەكات كە ملیۆنێك و سەد هەزار كەس زیاد بووە لەناوەراست و باشووری عێراق و چوارسەد هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان كەمیكردووە، وەك ئەوەی لەهەرێمدا كەس زیادینەكردبێ ئەوە بۆخۆی جێی تێرامان و ئەوپەڕی رەخنەیە ئەمە لەكاتێكدا تەقینەوە و دۆخەكانی مردن لەناوەراست و باشووری عێراق زۆرترن، رەخنەیەكی دیكەش ئەوەیە كە بەپێی ئامارەكە ژمارەی دانیشتوانی عێرا قلە 36 ملیۆن كەس زیاترە بەڵام ئاماری وەزارەتی پلاندانان جەحت لەوە دەكاتەوە لە35 ملیۆن زیاترە.




