پارێزگاری هەولێر پێشوازیكرد لە پارێزگاری دیوانیە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیكرد لە عەممار ئەلمەدەنی پارێزگاری دیوانیە و دكتۆر مالیك كازم جێگری پارێزگارو ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگاكە .
لە دیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسی و ئەمنی ئەمرۆی عێراق و رەوشی هەرێمی كوردستان و ئەو سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتنەی هەولێری پایتەخت كراو، ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەئاستی عێراق بە ئەزموونێكی سەركەوتووی ئیداری و خزمەتكردن لەقەلەمدرا كە پێویستە سوود لە شارەزایی و بەرنامەی خزمەتكردنیان وەربگیرێت بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق .
هەروەها باس لە سیستەم و میكانیزمی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی خزمەتگوزاری و كارگێری و كارو پرۆژەكانی حكومەت و وەبەرهێنان كران و، هەماهەنگی پارێزگاو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگا بە هاندەرو فاكتەری بەهێزی ئەو سەركەوتنەی ئەدای پارێزگا لەقەلەمدرا .
هەردوولاش كۆك بوون لەسەر ئاڵوگۆڕی شاندە ئیداری و تەكنیكییەكان و ئاسانكاریكردن بۆ كۆمپانیاو وەبەرهێنەران بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای دیوانییە و رەزامەندی مەبدەئییانەشیان پیشاندا لەسەر مۆركردنی پرۆتۆكۆلی هەماهەنگی و هاریكاری لە زۆر بواری پەیوەست بە ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان و خزمەتگوزاری .




