٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لێدوانی بایه‌زید حه‌سه‌نی بە ناڕەوا و چەواشەکاری ناو برد

سەرچاوە: PNA

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کنی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان له‌ روونکردنه‌وه‌یه‌کدا لێدوانی بایه‌زید حه‌سه‌نی به‌ تۆمه‌تی ناڕه‌وا لێک دایه‌وه‌ و دەڵێت ئەگەر بپرسین ئایا لە هەموو وڵاتانی جیهان وڵاتێك هەیە كە بەم شێوەیە گرێبەستە نەوتییەكانی بخاتە بەرچاوی خەڵك؟ ئەگەر پێتوایە شەفافیەت ئەوەیە كە بەرێزتان بێن لە جیاتی وەزارەت ئیجرائات وەربگرن ئەوە مەسەلەیەكی ترە و دەكرێ بە شێوازێكی تر قسەی لەسەر بكەیت نەك خەڵك چەواشە بكەیت."

دوای ئەوەی بایەزید حەسەن ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەمیانەی  دیمانەیەكدا لە كەناڵی NRT لە رێكەوتی 8/7/2012 چەند تۆمەتێكی ناڕەوا و نابەرپرسانەی ئاراستەی وەزارەتمان كرد، هەروەها چەند تەوەرێكی خستە بەر باس و لەڕێیەوە خۆی لەو بەرپرسیاریەتییە دزیەوە كە وەك نوێنەرێكی كورد لەسەریەتی داكۆكی بكات لەسەر مافەكانی هەرێم لە بەغدا، بە پێویستمان زانی روونكردنەوەكەمان لە دوو خاڵی سەرەكی بخەینە روو:-

پرسی شەفافیەت

ناوبراو لە دیمانەكەی NRT دەڵێ "خاڵی لاوازی حكومەتی هەرێم مەسەلەی ناشەفافیە لە پرسی نەوت" . لێرەدا جێی خۆیەتی پێشەكی بپرسین كە شەفافیەت لای بەرێزیان پێناسەی چی یە؟ میكانزیمی چی یە؟  ئێمە لە خەڵكی كوردستان دەپرسین ئەگەر بڵاوكردنەوەی هەموو گرێبەستە نەوتیەكانی كوردستان لە سایتی فەرمی حكومەتی هەرێم شەفافیەت نەبێت ئاخۆ شەفافیەت چی یە؟ یاخود ئەگەر بپرسین  ئایا لە هەموو ووڵاتانی جیهان ووڵاتێك  هەیە كە بەم شێوەیە گرێبەستە نەوتیەكانی بخاتە بەرچاوی خەڵك؟ ئەگەر پێتوایە شەفافیەت ئەوەیە كە بەرێزتان بێن لە جیاتی وەزارەت ئیجرائات وەربگرن ئەوە مەسەلەیەكی ترە و دەكرێ بە شێوازێكی تر قسەی لەسەر بكەیت نەك خەڵك چەواشە بكەیت. تۆ لە جیاتی ئەوەی وەك پەرلەمەنتارێك روبەروی ناشەفافی پرسی نەوت لە حكومەتی فیدراڵی ببیتەوە خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتەكانت بە ڕەخنەگەلێكی بێ بەڵگە دادەپۆشیت ، بە بەڵگەی ئەوەی كە خۆت شایەت حالێكی زیندووی لە بەشداربوونت لە خولی كۆمپانیای CWC تایبەت بە بواری وزە و بینیوتە كە چۆن ئەو كۆمپانیایە گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم وەك نمونەیەكی زیندووی شەفافیەت لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ماوەی پێشكەشكردنی خولەكانیان نیشان دەدەن. جگەلەمەش ئەگەر پرسیارێكی زۆر سادە و دووبارە لە كۆمپانیا نەوتیەكان بكەیت كە بۆچی هاتونەتە كوردستان بەبێ دوودڵی پێت دەوترێ "شەفافیەت وەك خاڵی بەهێزی كوردستان هۆكاری سەرەكیە بۆ هاتنمان"  زۆر ئاسانە كاتێ مەبەستت بێت  تۆمەت بخەیتە پاڵ یەكێك  بەڵام ئاسان نیە بەبێ بەڵگە باوەڕ بەخەڵك بهێنێت و چەواشەیان بكەیت .

پرسی یاسای نەوت و گاز

هەروەها ناوبراو لە دیمانەكەیدا سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی كوردستان دەڵێ" حكومەتی هەرێم پابەند نییە بە یاسای نەوت و گازی خۆی". پێمان سەیرە نوێنەرێكی كورد كە ئەندام بێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێك بێت لە دەسەڵاتی یاسادانان بەم شێوەیە قسە لەسەر یاسای نەوت و گاز بكات، ئەم حاڵەتە ئەگەر بە ئاراستەكراوی نەبێت بێگومان بێ ئاگایی ئەو پەرلەمانتارە دەسەلمێنێت  لە مەسەلەكان،لە هەردوو حالەتیشدا كەمتەرخەمی ئەو نوێنەرە كوردەیە كە بەدەنگی خەڵكی كوردستان چویتە ئەم شوێنە. ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بە یاسای خۆی چۆن ئەم هەموو كۆمپانیایە ڕووی تێدەكات؟ چۆن كاروباری ئەم وەزارەتە و زیاتر لە 50 پەنجا كۆمپانیای نەوتی جیهانی رێكدەخرێت؟ چۆن ئەم هەموو دەست كەوتانە لە بواری نەوت بەدی هاتوون؟ ئەگەر ئەمانە لەسەر بنەمای یاسای نەوت و گازی هەرێم و بەپێ ی دەستوور نەبن ئایا ئەوانەی حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای یاسایە؟ ئێمە چاوەروانمان دەكرد بەڕێزتان ئەو رەخنەیەتان روبەرووی حكومەتی عێراق بكردایەتەوە كە چۆن ئەو هەموو گرێبەستەیان مۆر كردووە لە كاتێكدا تا ئێستا خاوەنی یاسای نەوت و گاز نین!!. تۆ لە جیاتی ئەوەی وەك داكۆكی كارێكی مافەكانی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی بپرسیت بۆچی هەناردەكردنی نەوتتان راگرتووە؟ بۆچی بەشێكی زۆری سووتەمەنیان لەسەر هەرێم بڕی ؟ بۆچی  نرخی سووتەمەنی بە گرانتر لە پارێزگاكانی تری عێراق بە هەرێم دەدەن؟ ئا ئەمانە كاری تۆ بوون وەك پەرلەمانتارێكی كوردستان لە عێراق، وێڕای رێزو سوپاسمان بۆ هەموو رەخنەیەكی بونیادنەر ، پێمان وایە سەرجەم قسەكانی ناوبراو لە میانەی ئەم دیمانەیە هەڵهاتنە لە بەرپرسیاریەتی سەرەكی خۆی وەك ئەندامێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  .

 

                                                           راگەیاندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان

                                                                                       11/7/2012

هەواڵی پەیوەندیدار