داود ئۆغڵو: لە سەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی توركیا پەراوێز نەخراوە

بوداپەست-KDP.info/ وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵو لە میانی سەردانی خۆی بۆ هەنگاریا رایگەیاند: كێ چە جۆرە پروپاگەندەیەك دەكات با بكات، توركیا پەرە بە كاریگەری جیهانی خۆی دەدات و ئەو كاریگەرییەش بەردەوامە و توركیا چە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و چە لە سەر ئاستی ناوخۆیی گۆشەگیر نەكراوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڵاویكردەوە كە ئەحمەد داود ئۆغڵو لە بارەی كۆبوونەوەكانی خۆی لە بوداپەست گوتی" لە ناوەڕاستی ئەوروپا سلۆڤاكیا و هەنگاریا دوو وڵاتی دوستی توركیان و لە میانی سەردانی ئەمجارەم بۆ ئەو دوو وڵاتە باسی پەیوەندییە دوو قوڵییەكانی نێوان توركیا و ئەو وڵاتانەمان كرد.
داود ئۆغڵو گوتی" لە بوداپەست بەشداریم لە كۆبوونەوەی وڵاتانی كۆماری چەك، پۆلۆنیا، سلۆڤاكیا و هەنگاریا كرد كە كۆبوونەوەیەكە دەتوانرێ پێ بگوترێت كۆبوونەوەی 1+4 . هەر چەند توركیا ئەندامی گروپی ڤیسەگراد نییە، بەڵام بە فەرمی بانگهێشتی كۆبوونەوەكە كرابوو.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا لە رووی سیاسەتی دەرەوە توركیا پەراوێز خراوە؟ ئەحمەد داود ئۆغڵو رایگەیاند: ئەو دەنگۆیانە كە باسی پەراوێز خستنی توركیا لە سیاسەتی دەرەوە دەكەن پروپاگەندەی بێ مانان، با سەیری بەرنامەی یەك مانگی سیاسەتی دەرەوەی توركیا بكەن و بە چاوی خۆیان ببینن كێ پەراوێز خراوە.




