ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەڕێوەدەچێت

هەولێر – تایبەت بە KDP.info / وابڕیارە ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەن و نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەڕێوەبچێت كە نزیكەی 4000 پارێزەر لەهەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و شاری كەركوك بەشداری دەكەن و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە لیستی پارێزەرانی سەربەخۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنە دەكات.
بەختیار حەیدەر پاڵێوراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بۆ( kdp.info ) گوتی: ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەن و نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لەهەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و شاری كەركووك بەڕێوەدەچێت و كە تیایدا نزیكەی 4000 پارێزەر كە ناسنامەكانیان تازە كردۆتەوە بەشداری دەكەن و لەمیانەدا سێ لیستی بەشداربوو كێبڕكێ لەسەر پۆستی نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیكا دەكەن .
ناوبراو گوتیشی: پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی پارێزەرانی كوردستان بەشداری لەو هەڵبژاردنە دەكەن و بە لە بەرچاوگرتنی هەڵبژاردنەكانی رابردوو پێشبینی دەكرێت ئێمە زۆرترین رێژەی دەنگەكان بەدەست بهێنین .




