سەرپۆش ناكۆكی خستە نێو فراكسیۆنی جەهەپەوە

ئەنقەرە- KDP.info/ رۆژی چوارشەممە فراكسیۆنی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) لە پەرلەمانی توركیا بۆ دەربڕینی هەڵوێستێكی هاوبەش لە بەرانبەر پرسی پۆشینی سەرپۆش لە پەرلەمانی توركیا كۆبوونەوەیەكی داخراوی ساز كرد، بەڵام كۆبوونەوەكە بە هۆی ناكۆكییەكانەوە بەبێ ئەنجام كۆتایی پێهات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بڵاویكردەوە كە رۆژی چوارشەممە فراكسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی توركیا بۆ ئامادەكاری دەربڕینی هەڵوێستی هاوبەش لە بەرانبەر ئەو پەرلەمانتارانەی ئاكەپە كە بڕیارە رۆژانی داهاتوو بە سەرپۆشەوە لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، كۆبوونەوەیەكی داخراوی ساز كرد.
بە هۆی ناكۆكی و جیاوازی بیروڕای پەرلەمانتارانی جەهەپە لە بەرانبەر پرسی سەرپۆش كۆبوونەوەكەی جەهەپە بەبێ هیچ جۆرە ئەنجامێك كۆتایی پێهات.
پەرلەمانتاری ئەستەنبۆڵی جەهەپە ئیحسان ئۆزكەس رایگەیاند كە بە هۆی جیاوازی بیروڕای پەرلەمانتارانی جەهەپەوە لە كۆبوونەوەكەدا نەگەیشتینە بڕیارێكی هاوبەش، بۆیە پێدەچێت جەهەپە نەتوانێت هیچ جۆرە هەڵوێستێك لە بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارانەی ئاكەپە كە بڕیارە بە سەرپۆشەوە لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بنوێنێت.




