كردنه‌وه‌ی په‌یمانگه‌ی گه‌شه پێدانی په‌روه‌رده‌یی له هه‌ولێر
ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ له پێناو دابینكردنی په‌روه‌رده‌یه‌كی باشتر، ئه‌مڕۆ 30/10/2013 وه‌زیری په‌روه‌رده د.عصمت محمد خالد په‌یمانگه‌ی گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی كرده‌وه.
دوای به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ژووره‌كانی خولی راهێنان له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دا وه‌زیری په‌روه‌رده ووتی : كردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یمانگه‌یه هه‌نگاوێكی مه‌زن بوو بۆ په‌ره‌پێدانی تواناكانی مامۆستایان كه پێشه‌نگی په‌روه‌رده‌یین و داینه‌مۆی به‌ره‌و پێشبردنی ڕه‌وشی فێركردن و فێربوونن له هه‌رێمی كوردستاندا.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه، كه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوان و هاوكاری یه‌كه‌م بوو بۆ ئه‌م پڕۆژه گرنگه.
شیاوی باسه په‌یمانگه‌ی گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی یه‌كێكه له پڕۆژه گرنگه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و به هه‌ماهه‌نگیی له ته‌ك كۆلێژی بێرمینگهامی به‌ریتانی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا 200 مامۆستا وه‌كو ڕاهێنه‌ر هه‌ڵبژێردراون وبۆ ماوه‌ی 4 مانگ له خولێكی ڕاهێناندا به‌شدار ده‌بن .
سه‌رپه‌رشتیاری خوله‌كه، خاتوو لیندا ئاسۆن دوای ده‌ستخۆشیی له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، ووتی ڕاهێنه‌ران چه‌ندین مامۆستای به‌توانای جیهانی له خۆ ده‌گرن و بواره‌كانی میتۆدی فێركردن و سه‌ركردایه‌تی ڕاهێنان و به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیای زانیاری و چه‌ند بوارێكی دیكه وه‌كو وانه به‌به‌شداربووان ده‌ڵێنه‌وه.




