٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نزیکەی 30گەنجی ناوچەی ھەڵەبجە بە مەبەستی جیھاد چوونەتە سوریا و چواریشیان کوژراون

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە- تایبەت بەKDP.info/ قایمقامی قەزای ھەڵەبجە ئاشکرای کرد، نزیکەی 30گەنجی ھەڵەبجە و دەوروبەری بەمەبەستی جیھاد چوونەتە سوریا و تاوەکو ئێستەش چوار لەوانە کوژراون.

گۆران ئەدھەم رەحیم قایمقامی قەزای ھەڵبجە بەkdp.infoراگەیاند: تاوەکو ئێستە 30گەنج چوونەتە ریزی گروپە ئیسلامییەکان لە سوریا بۆ ئەوەی دژی رژێمی ئەسەد بجەنگن، کە ھەندێکیان خەڵکی ھەڵەبجەن و ھەندێکیشیان خەڵکی دەوربەری ھەڵەبجەن، کە ژمارەیەک لەوانە گەراونەتەوە و ژمارەیەکیش لەوێ ماونەتەوە.

گۆران ئەدھەم رەحیم گوتیشی: تاوەکو ئێستە لەو ژمارەیە چواریان کوژراون.

رەحیم ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو گەنجانە بەبێ ئاگاداری ئەوان چوونەتە سوریا و بە بیانوی گەشتکردن توانیویانە خۆیان بگەیننە سوریا.

قایقامی ھەڵەبجە رونیشیکردەوە، ئەوان ناتوانن لێپێچینەوە لە گەڵ کەس و کاریان بکەن، چونکە بەپێی یاسا ناتوانن ئەو کارە بکەن، بەڵام داواکارن ئەم کارە نەکەن و بەھیچ شێوەیەک لە گەڵ ئەوە دانین گەنجانی ھەرێم بچنە سوریا و لەوێ شەڕ بکەن.

ناوبراو راشیگەیاند: رەنگە ھەندێک لایەنی ئیسلامی لەپشت ئەوکارە بن، بەڵام ناتوانن ھیچ لایەنێک تۆمەتباربکەن، لە بەر ئەوەی ھیچ لایەنێک پشتگیری لە ئەوان نەکردووە و لێکۆڵینەوەش نەکراوە لەمبارەیەوە، کامە لایەن لە پشت ئەم کارەوەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار