٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كورد لە پێش تورك لە ئانادۆڵ نیشتەجێ بووە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆكی ناوەندی مێژووی توركیا لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێك لە بارەی مێژووی توركیاوە رایگەیاند كە كورد بەشێكی سەرەكییە لە مێژووی توركیا و كورد بۆ خۆی خاوەن مێژووی خۆیەتی.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە سەرۆكی ناوەندی مێژووی توركیا پڕۆفسۆر مەتین هەلاكو رایگەیاندووە كە كاتێك تورك لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتوونەتە ئانادۆڵ، كورد لە ئانادۆڵ ژیانی كردووە و خاوەن شارەستانییەت بووە.

پڕۆفسۆر مەتین هەلاكو لە كاتی پێشكەش كردنی گوتارێك لە كۆنفرانسی مێژووی توركیا لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوە كردووە كە كورد پێش لە هاتنی تورك بۆ ئانادۆڵ، لە ناوچەكە نیشتەجێ بووە و شارەستانیەتی تایبەتی خۆی هەبووە، بۆیە كورد بەشێكی سەرەكی مێژووی توركیایە.

هەلاكو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە بەر لە هاتنی تورك بۆ ئانادۆڵ كورد مێژووی خۆی هەبووە و ئێستەیش ئەو مێژوویە بەشێكی زۆر گرنگی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و مێژووی توركیایش سوودی لە مێژووی كورد وەرگرتووە.

پڕۆفسۆر هەلاكو ئاماژەی بەوە داوە كە چۆن ناتوانین نكۆڵی لە هەبوونی كورد بكەین هەر بەو جۆرەیش ناتوانین نكۆڵی لە هەبوونی مێژووی كورد بكەین.

 

هەواڵی پەیوەندیدار